‌سلێمانی خۆی بۆ فێستیڤاڵێکی جیهانیی کورتەفیلمی کوردی ئامادە دەکات و مەرجەکانی وەرگرتنی بەرهەم ڕادەگەیەنرێت

وێستگە ستایل-

سلێمانی خۆی بۆ فێستیڤاڵێکی جیهانیی کورتەفیلمی کوردی ئامادە دەکات و مەرجەکانی وەرگرتنی بەرهەم ڕادەگەیەنرێت

وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیریی و هونەری سلێمانی بە فەرمی دەستی بە ئامادەکارییە چڕوپڕەکانی کردووە بۆ ئەنجامدانی فێستیڤاڵی کورتەفیلمی کوردی، کە بڕیارە لە ساڵی ٢٠٢٦دا ببێتە یەکێک لە ڕووداوە هونەرییە هەرە گرنگەکانی ناوچەکە. ئەم فێستیڤاڵە ئامانجی کۆکردنەوەی تواناکانی سینەماکارانی کوردە لە هەموو پارچەکانی کوردستان و تاراوگە، بۆ ئەوەی لە شاری سلێمانی پایتەختی ڕۆشنبیری، نوێترین بەرهەم و داهێنانە سینەماییەکانی خۆیان نمایش بکەن.

لە چوارچێوەی ئەم ئامادەکارییانەدا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کۆبوونەوەیەکی فراوان لە تەلاری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیریی و هونەری سلێمانی بەڕێوەچوو. کۆبوونەوەکە بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی د. موحسین ئەدیب، بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیریی و هونەری سلێمانی و بە ئامادەبوونی کامەران نووری گوڵاڵە، بەڕێوبەری بەشی هونەری سینەمای سلێمانی و سەرۆکی فێستیڤاڵەکە، هاوتای ژمارەیەک لە ئەندامانی بۆردی سەرپەرشتیکردنی فێستیڤاڵەکە ئەنجامدرا. لەم دیدارەدا ستراتیژی کارکردن و نەخشەڕێگەی سەرکەوتنی ئەم خولەی فێستیڤاڵەکە بە وردی تاوتوێ کرا و جەخت لەسەر کواڵێتی هونەریی کارەکان کرایەوە.
یەکێک لە بڕیارە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە دیاریکردنی وادەی دەسپێکردنی فێستیڤاڵەکە بوو، کە بڕیاردرا لە سەرەتای مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٢٦دا لە شاری سلێمانی بەڕێوەبچێت. لیژنەی باڵای فێستیڤاڵەکە ئاشکرای کرد کە دەرگای وەرگرتنی بەرهەمەکان بۆ سینەماکاران کراوەیە و دوا وادەش بۆ ناردنی فیلمەکان تاوەکو ڕێکەوتی یەکی ئازاری ٢٠٢٦ بەردەوام دەبێت. مەرجی سەرەکی بۆ وەرگرتنی هەر فیلمێک لەم خولەدا ئەوەیە کە ناوەڕۆکەکەی گێڕانەوەی چیرۆکێکی کوردی بێت یان پەیوەست بێت بە پرسە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی کوردییەوە، چونکە فێستیڤاڵەکە دەیەوێت ببێتە سەکۆیەک بۆ دەنگ و ڕەنگی ڕەسەنی سینەمای کوردی لەسەر ئاستی جیهان.

جگە لە نمایشکردنی فیلمەکان، ئەم فێستیڤاڵە ڕەهەندێکی فێکاری و ئەکادیمی قووڵیش لەخۆ دەگرێت. ئامادەکاری دەکرێت بۆ بانگهێشتکردنی چەندین میوان و کەسایەتیی دیاری سینەمایی لەسەر ئاستی ناوخۆ و وڵاتانی دەرەوە. بەرنامەی فێستیڤاڵەکە پڕ دەبێت لە ماستەرکڵاس، پانێڵی زانستی و کۆبوونەوەی هونەری، تاوەکو گەنجان و سینەماکارانی هەرێمی کوردستان بتوانن لە نزیکەوە سوود لە ئەزموونی دەرهێنەر و تەکنیکارە نێودەوڵەتییەکان وەربگرن و ئاڵوگۆڕی مەعریفەی سینەمایی بکەن. ئەم جۆرە چالاکییانە وەک هەوڵێک دەبینرێت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی تەکنیکی و ناوەڕۆکی فیلمە کوردییەکان.

ئەم فێستیڤاڵە کە لەلایەن بەشی هونەری سینەمای سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیریی و هونەری سلێمانی ڕێکدەخرێت، هەنگاوێکی گرنگە بۆ بوژانەوەی کەرتی هونەری و سینەمایی لە پارێزگاکەدا. بەڕێوەبەرایەتییەکە دووپاتی کردەوە کە هەموو هەوڵێکی خۆیان دەخەنە گەڕ بۆ ئەوەی فێستیڤاڵەکە بە شێوازێکی شایستە و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەڕێوەبچێت، تاوەکو سلێمانی وەک مەڵبەندێکی گرنگی سینەمایی لەسەر نەخشەی هونەری جیهان بمێنێتەوە و ببێتە جێگەی بایەخی سینەماکارانی جیهان.

سەرچاوە: ڕاگەیەندراوی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی


AM:11:42:24/12/2025


ئه‌م بابه‌ته 48 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل