مێژووی ئەدەبیاتی کوردی؛ گەشتێک بەناو شیعر و تۆمارە مێژووییەکاندا
وێستگە ستایل-
مێژووی ئەدەبیاتی کوردی؛ گەشتێک بەناو شیعر و تۆمارە مێژووییەکاندا
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
ئەدەبیاتی کوردی و تۆمارە مێژووییەکان ڕەنگدانەوەی میراتێکی دەوڵەمەندی کولتوورین کە سەدەها ساڵ دەخایەنێت، تێیدا چیرۆکخوانی زارەکی و شیعر و تۆمارە نووسراوەکان تێکەڵ کراون و بوونەتە ناسنامەی نەتەوەیەک کە زمانەکەی گەورەترین چەکی بووە.
لە شیعری کلاسیکەوە تاوەکو پەخشانی مۆدێرن، ئەدەبیاتی کوردی گەڕانە بە دوای تەوەرەکانی پاڵەوانێتی، عەشق، بەرگری و خواستە سیاسییەکان. ئەحمەدی خانی، نووسەری داستانی "مەم و زین"، وەک کەسایەتییەکی بناغەیی دەبینرێت کە کارەکانی تێدایە کامڵبوونی ئەدەبی و تێڕامانی فەلسەفی و ڕەخنەی کۆمەڵایەتی و داکۆکیکردن لە یەکگرتوویی کورد پێکەوە کۆکردووەتەوە و بناغەی نەتەوەسازیی لە ناو شیعردا داناوە.
تۆمارە مێژووییەکان ژیانی سەرکردە کوردەکان، پێکهاتە هۆزایەتییەکان و پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیمپراتۆریەتەکانی وەک عوسمانی و فارسی دۆکیۆمێنت کردووە. ئەم تێکستانە، کە زۆرجار بە دەست نووسراون و بە وردی پارێزراون، سەرچاوەی سەرەکین بۆ ئەو زانایانەی لێکۆڵینەوە لە مێژووی سیاسی و کولتووری کورد دەکەن. ئەوان باس لە حوکمڕانی، ململانێ، بازرگانی و هاوپەیمانییەکان دەکەن، و پەنجەرەیەک بەرەو شێوازی ژیانی باپیرانمان دەکەنەوە.
جوگرافیا، سیاسەت و فرەچەشنی زمانەوانی کاریگەرییان لەسەر گەشەی ئەدەبیاتی کوردی هەبووە. نووسەران زۆرجار ڕووبەڕووی سانسۆر یان دەربەدەری بوونەتەوە، بەڵام نەریتە زارەکییەکان و کۆپیکردنی دەستنووسەکان بەردەوامییان بۆ ئەم ئەدەبیاتە مسۆگەر کردووە و نەیانهێشتووە زمانی کوردی لەناو بچێت. تێکەڵبوونی زاراوە ناوخۆییەکان و شێوازە ئەدەبییەکان وایکردووە چیرۆکخوانی و دەربڕینی فیکریی کورد دەوڵەمەندتر ببێت و جیهان سەرسام بکات.
ئەدەبیاتی مۆدێرنی کوردی بەردەوامە لە گەشەکردن، تێیدا کێشە هاوچەرخەکان، کاریگەرییە جیهانییەکان و شێوازە تاقیکارییەکان یەکدەگرن، لە کاتێکدا هێشتا ڕەگی لە ناو نەریتە مێژووییەکاندایە. ئێستا دامەزراوە ئەکادیمی و کولتوورییەکان کار بۆ برەودان بە توێژینەوە و وەرگێڕان و بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکان دەکەن، بۆ ئەوەی ئەم میراتە بۆ نەوەکانی داهاتوو وەک ئەمانەتێک بپارێزرێت.
پاراستنی ئەدەبیات و تۆمارە مێژووییەکانی کورد زۆر گرنگە بۆ تێگەیشتن لە ئەزموونە مێژووییەکان و بەهاکان و خۆڕاگریی کۆمەڵگەی کوردی. ئەمە جەخت لەسەر پەیوەندی هەمیشەیی نێوان یادەوەری کولتووری، ناسنامە و چیرۆکخوانی دەکاتەوە و نیشانی دەدات کورد خاوەن شارستانییەتێکی قووڵە.
سەرچاوە: سەنتەری توێژینەوەی ئەدەبیاتی کورد، پرۆگرامی خوێندنی کوردی لە هارڤارد
PM:09:53:22/12/2025
ئهم بابهته 208
جار خوێنراوهتهوه