مەرگ و زیندوبوونەوە لە خەودا؛ لە مژدەی چاکبوونەوە بۆ ڕزگاربوونی زیندانیان
وێستگە ستایل-
مەرگ و زیندوبوونەوە لە خەودا؛ لە مژدەی چاکبوونەوە بۆ ڕزگاربوونی زیندانیان
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
خەونبینین بە مردن یان کەسانی مردوو یەکێکە لەو خەونانەی زۆرترین ترس و دڵەڕاوکێ لای خەڵکی دروست دەکات، بەڵام لە زانستی لێکدانەوەی خەوندا، مەرگ زۆرجار مانای ژیانێکی نوێ، چاکبوونەوە و دەرفەتی گەورە دەگەیەنێت. بۆ نموونە، ئەو کەسەی نەخۆش بێت و مردوو لە خەویدا ببینێت، ئەمە بە مژدەی چاکبوونەوەی یەکجاری و گەڕانەوەی تەندروستی دادەنرێت.
بینینی مردوو لە خەودا بۆ ئەو کەسەی لە بەندینخانەدایە، مژدەیەکی دڵخۆشکەرە و بە مانای ڕزگاربوون و ئازادبوونی دێت. بەڵام بۆ کەسێکی ئاسایی، بینینی مردوو دەکرێت وەک ئاماژەیەک بۆ کەمتەرخەمی لە ئایین و دینداریدا لێکبدرێتەوە. یەکێک لە دیمەنە مژدەبەخشەکان ئەوەیە ئەگەر مردوویەک لە خەودا هاوسەرگیری بکات، ئەمە نیشانەی ئەوەیە ئەو کەسە لە بەهەشتدایە و شوێنی ئاسوودەیە.
ئەگەر کەسێک لە خەویدا ببینێت کە مردووە و دواتر زیندوبووەتەوە، ئەمە گوزارشتە لە دەوڵەمەندبوون دوای هەژاری و گەیشتن بە بەختەوەری دوای چەندین ناخۆشی. بەڵام بینینی ئەوەی کە مردووەکان نان و خواردنی زیندوو دەخۆن، وەک نیشانەیەکی نەرێنی بۆ گرانبوونی نرخی خۆراک و پێداویستییەکانی ژیان لێکدەدرێتەوە. هەروەها هەر قسەیەک مردوو لە خەودا بە زیندووی بڵێت، بە ڕاستی ڕەها دادەنرێت، چونکە مردوو لە جیهانی ڕاستیدایە و درۆ ناکات.
مردنی منداڵی کوڕ لە خەودا مژدەی ڕزگاربوونە لە کێشە و دوژمنان. ئەو کەسەشی ببینێت مردووە و بە بێ کفن دانراوە، نیشانەی ئەوەیە دوژمنەکانی سەرشۆڕ دەبن و سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت. جێی سەرنجە کە مەرگ لە خەودا دەکرێت تەمەن درێژی، یان ئەگەر کەسەکە سەڵت بێت بە مانای هاوسەرگیری، یان ئەنجامدانی سەفەرێکی گرنگ لێکبدرێتەوە.
لە کۆتاییدا، پێویستە ئاگاداری ئەوە بین کە هەندێک دیمەن وەک هۆشداری تەماشا دەکرێن؛ بۆ نموونە پێدانی خواردن و خواردنەوە بە مردوو نیشانەی ئەوەیە خەونبینەکە زیانی دارایی بەردەکەوێت. بەڵام لە بەرانبەردا نوستن لەگەڵ مردوودا یان بەدوای مردوودا ڕۆشتن، بە نیشانەی تەمەن درێژی یان گرتنەبەری ڕێڕەوی کارەکانی ئەو کەسە کۆچکردووە دادەنرێت.
سەرچاوە : کتێبی خەونامەی ئیبن سیرین
PM:08:21:18/12/2025
ئهم بابهته 264
جار خوێنراوهتهوه