مڵچە مڵچی کاتی نان خواردن و دەنگی هەناسەدان بێزارت دەکەن ؟ بەڵام هۆکار چییە؟
وێستگە ستایل-
مڵچە مڵچ و دەنگە ئاساییەکان دەبنە سەرچاوەی ئازار و تووڕەیی، بەڵام بۆچی ؟
وێستگە ستایل – سۆلین عوسمان
بۆ ملیۆنان کەس لە سەرتاسەری جیهاندا، دەنگە ڕۆژانەیی و ئاساییەکان وەک: جوین، هەناسەدان، تەقەی پەنجە، یان کلیکەکلیکی قەڵەم، تەنها بێزارکەرێکی بچووک نین، بەڵکو هاندەرێکی بەهێزن کە دەبنە هۆی دروستبوونی کاردانەوەی جەستەیی و سۆزداریی زۆر توند. ئەم دۆخە کە بە "میزۆفۆنیا" (Misophonia) ناسراوە، لە ئێستادا لەلایەن زانایانی دەمار و دەروونناسانەوە وەک نەخۆشییەکی ڕاستەقینەی دەماری و دەروونی دانی پێدا دەنرێت، نەک تەنها وەک هەستیارییەکی ئاسایی یان بەرگەنگرتن.
دەستەواژەی میزۆفۆنیا، کە بە واتای "ڕق لێبوونەوە لە دەنگ" دێت، وەسفی دۆخێک دەکات کە تێیدا هەندێک دەنگی دووبارەبووەوە یان دەنگی دروستکراوی مرۆڤ، کاردانەوەی دەمودەست وەک تووڕەیی، دڵەڕاوکێ، ترس، بێزکردنەوە، یان حەزی ڕاکردن لای کەسی بەرامبەر دروست دەکەن. ئەم کاردانەوانە خۆنەویستانەن (لا ئیرادین) و تەنانەت ئەگەر دەنگەکە نزم یان کورت بێت، یان لەلایەن خۆشەویستێکیشەوە دروست بێت، هەر ڕوودەدەن؛ ئەمەش زۆرجار دەبێتە هۆی تێکدانی ژیانی ڕۆژانە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و ژینگەی کارکردن.
ئەوانەی بەدەست ئەم دۆخەوە دەناڵێنن، ئاماژە بەوە دەکەن کە نیشانەکانیان تەنها بێزاربوونێکی ئاسایی نییە. لای ئەوان لێدانی دڵ خێرا دەبێت، ماسولکەکان گرژ دەبن، ئارەقکردنەوە دەست پێ دەکات و بیرکردنەوەکان بەرەو توندوتیژی یان بێهیوا بوون دەڕۆن. باوترین ئەو دەنگانەی دەبنە هۆی ئەم دۆخە بریتین لە: جوین، دەنگی دەم و لێو، هەڵمژینی لووت (فین هەڵکێشان)، هەناسەدان، تەقەی کیبۆرد، تیکتاکی کاتژمێر و خشەی پێ. هەروەها دیمەنە بینراوەکانیش، وەک بینینی کەسێک کە دەجوێت یان قاچی دەلەرزێنێت، دەتوانێت هەمان ئازار دروست بکات. زۆرێک لە تووشبووان دەزانن کە کاردانەوەکانیان زۆر توندە، بەڵام توانای کۆنترۆڵکردنیان نییە، ئەمەش زۆرجار دەبێتە هۆی هەستکردن بە تاوان، شەرمەزاری و دوورکەوتنەوە لە خەڵک.
توێژینەوە زانستییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە میزۆفۆنیا پەیوەندی بە بەستنەوەی نائاسایی نێوان "توێکڵی بیستن" لە مێشک و ئەو ناوچانەوە هەیە کە بەرپرسن لە ڕێکخستنی سۆز و هەستەکان، بەتایبەتی "ئامیگدالا" و "توێکڵی ئینسولاری پێشەوە". وێنەگرتنی مێشک دەریخستووە کە کاردانەوەی دەماریی زۆر بەرز بەرامبەر بەو دەنگانە دروست دەبێت، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە مێشک ئەو دەنگانە وەک "هەڕەشە" مامەڵە دەکات. میزۆفۆنیا زۆرجار لە تەمەنی منداڵی یان هەرزەکارییەوە دەست پێ دەکات و ئەگەر کۆنترۆڵ نەکرێت، لەگەڵ کاتدا خراپتر دەبێت. زۆرجار ئەم دۆخە لەگەڵ دڵەڕاوکێ، خەسڵەتەکانی وەسوەسە (OCD)، کەمیی سەرنج (ADHD)، یان ئۆتیزمدا دەردەکەوێت، هەرچەندە دەکرێت بە سەربەخۆیی و بەبێ بوونی ئەو نەخۆشییانەش ڕوو بدات.
زاراوەی میزۆفۆنیا بۆ یەکەمجار لە سەرەتای ساڵانی ٢٠٠٠ لەلایەن زانایانی دەمار (پاوڵ و مارگرێت جاسترێبۆف)ـەوە ناسێندرا. بۆ ساڵانێکی زۆر، ئەم دۆخە بە هەڵە تێگەیشتنی بۆ دەکرا و وەک بێڕێزی یان ناسکیی زیاد لە حد سەیر دەکرا. تەنها لەم ساڵانەی دواییەدا گرنگییەکی جددی لە ئەدەبیاتی پزیشکیدا پێدراوە، ئەوەش بەهۆی زیادبوونی داکۆکیکارانی نەخۆشەکان کە داوای دانپێدانانی فەرمی دەکەن. هەرچەندە میزۆفۆنیا هێشتا بە فەرمی لە کتێبە سەرەکییەکانی دەستنیشانکردنی نەخۆشیدا پۆلێن نەکراوە، بەڵام توێژینەوە و هۆشیاریی پزیشکی لەسەری بە خێرایی لە فراوانبووندایە.
گەرچی هیچ چارەسەرێکی بنبڕ و یەکلاکەرەوە نییە، بەڵام چەندین ڕێگا هەن بۆ کۆنترۆڵکردنی نیشانەکان. چارەسەری ڕەفتاری-مەریفی (CBT) دەتوانێت کاردانەوە سۆزدارییەکان کەم بکاتەوە، هاوکات "چارەسەر بە دەنگ" و بەرکەوتنی کۆنترۆڵکراو ڕەنگە یارمەتیدەر بن بۆ ڕاهێنانەوەی مێشک. گۆڕانکاری لە شێوازی ژیان، بەکارهێنانی هێدفۆنی دژە دەنگ (Noise-canceling)، کۆنترۆڵکردنی ژینگە، و گفتوگۆی بنیاتنەرانە لەگەڵ خێزاندا زۆر گرنگن. لە هەمووی گرنگتر، تێگەیشتن و باوەڕکردن بە تووشبووان، کوالێتی ژیانیان بەشێوەیەکی بەرچاو باشتر دەکات.
میزۆفۆنیا ئەوە دەردەخات کە چۆن دەنگ بە قووڵی پەیوەستە بە هەست و غەریزەکانی مانەوە لە مێشکی مرۆڤدا. داننان بەم دۆخەدا وەک نەخۆشییەکی ڕاستەقینە—نەک وەک کەموکورتی لە کەسایەتیدا—هەنگاوێکی گرنگە بەرەو هاوسۆزی، دابینکردنی بودجەی توێژینەوە و دۆزینەوەی چارەسەری کاریگەر. لەگەڵ زیادبوونی هۆشیاری، ئەوانەی لەگەڵ میزۆفۆنیادا دەژین دەتوانن هیوا بە پشتیوانییەکی باشتر، دەستنیشانکردنی وردتر، و جیهانێک بخوازن کە بە وردییەکی زیاترەوە گوێ لە ئازارە بێدەنگەکەیان بگرێت.
سەرچاوە: توێژینەوە زانستییەکانی گۆڤارەکانی زانستی دەمار و دەروونناسی، تێبینییە پزیشکییەکانی بیستنناسی و تەندروستی دەروونی، و ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی توێژینەوەی میزۆفۆنیا.
AM:10:37:15/12/2025
ئهم بابهته 72
جار خوێنراوهتهوه