یارییە ئەلیکترۆنییەکان لە "قەدەغەکەی ئوسترالیا" دەرباز دەبن؛ زەنگێکی مەترسیدار بۆ ئاڵوودەبوونی مێردمنداڵان
وێستگە ستایل-
یارییە ئەلیکترۆنییەکان لە "قەدەغەکەی ئوسترالیا" دەرباز دەبن؛ زەنگێکی مەترسیدار بۆ ئاڵوودەبوونی مێردمنداڵان
وێستگە ستایڵ - سۆلین عوسمان
لەکاتێکدا یاسای نوێی ئوسترالیا بۆ قەدەغەکردنی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ منداڵانی خوار تەمەن ١٦ ساڵ چووە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام پلاتفۆرمەکانی "یارییە ئەلیکترۆنییەکان" (Online Gaming) لەم سنووردارکردنە بەدەر کراون. ئەم بڕیارەش ڕووبەڕووی ڕەخنەی توندی شارەزایانی تەندروستیی دەرونی بووەتەوە، کە جەخت دەکەنەوە یارییەکان لە ڕووی مەترسیی ئاڵوودەبوونەوە، هیچ کەمتر نین لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
بەپێی یاسا نوێیەکە، دروستکردنی هەژمار لە پلاتفۆرمە گەورەکانی وەک ئینستاگرام، سناپچات و ئێکس (تویتەر) بۆ مێردمناڵان قەدەغە کراوە، لەکاتێکدا ڕێگە بە بەکارهێنانی سنوورداری خزمەتگوزارییەکانی وەک یوتوب و تیکتۆک دەدرێت بەبێ هەژماری کەسی. بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە، پلاتفۆرمەکانی یارییە ئەلیکترۆنییەکان، سەرەڕای بوونی تایبەتمەندیی بەهێزی پەیوەندی و تێکەڵاویی کۆمەڵایەتی، بە تەواوی لەم بڕیارە بەدەرن.
لە شاری پێرس، "سەدمیر پەروێز"ـی تەمەن ١٥ ساڵ، نموونەیەکە لەو ٣٠٠ مێردمناڵەی کە ڕوویان لە تاکە کلینیکی حکومیی ئوسترالیا بۆ چارەسەری "ئاڵوودەبوون بە یارییەکان" لە نەخۆشخانەی (Fiona Stanley) کردووە. سەدمیر کە پێشتر ڕۆژانە تا ١٠ کاتژمێر لە دنیای یارییە ئۆنلاینەکاندا نوقم دەبوو، ئێستا وەک بەشێک لە پڕۆسەی چاکبوونەوە، بەشداری لە یارییە هزری و ڕووبەڕووەکانی وەک (Dungeons & Dragons, Uno) دەکات. ئەو دەڵێت: "ئەم ئەزموونە نوێیە زیاتر مرۆڤانەیە و هەست بە بوونی ڕاستەقینە دەکەم، زۆر جیاوازە لەو پەیوەندییە ساردەی لەگەڵ کەسانی نەناسراو لە ئینتەرنێت هەمبوو."
دکتۆر "دانیێڵا ڤیکیۆ"، پزیشکی دەرونی و دامەزرێنەری ئەو کلینیکە، ڕوونی دەکاتەوە کە یاریکردن بۆ خۆی زیانبەخش نییە، بەڵام بەکارهێنانی لەڕادەبەدەر دەکرێت بگۆڕێت بۆ ئاڵوودەبوونێک کە زۆر هاوشێوەی ئاڵوودەبوونە بە سۆشیاڵ میدیا. ئەو پزیشکە ئاماژە بە مەترسییە هاوبەشەکان دەدات وەک مانەوەی زۆر بەدیار شاشەوە، بەرکەوتن بە ناوەڕۆکی زیانبەخش، زمان و ڕەفتاری توندوتیژ و دەستدرێژیکارانی ئۆنلاین. بە بڕوای دکتۆر ڤیکیۆ، یارییەکان و سۆشیاڵ میدیا بەهۆی پەخشی راستەوخۆ، ژوورەکانی گفتوگۆ و کۆمەڵگە هاوبەشەکانەوە، ئەوەندە تێکەڵن کە جیاکردنەوەیان لە یاساکەدا پاساو هەڵناگرێت.
هەرچەندە بڕیارەکەی ئوسترالیا وەک "هەنگاوێکی پێشەنگ لە جیهاندا" وەسف دەکرێت بۆ پاراستنی منداڵان لە زیانەکانی ئینتەرنێت، بەڵام ڕەخنەگران پێیان وایە بەدەرکردنی یارییەکان "کەلێنێکی گەورەیە" کە ئامانجی سەرەکیی یاساکە لەبار دەبات، چونکە مێردمناڵان هێشتا دەتوانن کاتێکی زۆر لە پەیوەندیی ئۆنلاین و یاریکردندا بەسەر بەرن بەبێ هیچ چاودێرییەک. شارەزایانی تەندروستیی دەرونی هۆشداری دەدەن کە بەبێ چارەسەرکردنی پرسی یارییەکان لە پاڵ سۆشیاڵ میدیا، هەوڵەکان بۆ پاراستنی نەوەی نوێ کەمکورتییان تێدەکەوێت، چونکە لە ژیانی دیجیتاڵیی ئەمڕۆی مێردمناڵاندا، سنووری نێوان یاریکردن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە تەواوی کاڵ بووەتەوە.
سەرچاوە :یاهو نیوزی ئوسترالی.
AM:11:52:13/12/2025
ئهم بابهته 36
جار خوێنراوهتهوه