شەپۆلێکی باران و بەفر ڕوو لە هەرێم دەکات و پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن
وێستگە ستایل-
شەپۆلێکی باران و بەفر ڕوو لە هەرێم دەکات و پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی پێشبینییەکانی بۆ ٤٨ کاتژمێری داهاتوو بڵاوکردەوە، کە تێیدا ئاماژە بە هاتنی شەپۆلێکی بارانبارین دەکات بۆ سەرجەم ناوچەکان، هاوکات پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو بەڕێژەی ٤ بۆ ٦ پلە ڕوو لە نزمبوونەوە دەکەن.
بۆ ئەمڕۆ دووشەممە ٨ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥، ئاسمان بە درێژایی کاتەکان هەوری باراناوی دەبێت. کاریگەری دابارین لە تەواوی ناوچەکاندا دەبێت، بەڵام لە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵات و دەڤەری باڵەکایەتی ڕێژەی دابارینەکە زیاتر دەبێت. هەروەها لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی باکووری ڕۆژهەڵات ئەگەری بارینی کەمێک بەفر هەیە. خێرایی با لە نێوان ١٠ بۆ ٢٠ کم دەبێت و هەندێک کات بۆ سەرووی ٢٥ کم چالاک دەبێت.
سەبارەت بە سبەی سێشەممە ، کاریگەرییەکە بەردەوام دەبێت. لە بەیانی زوودا لە سنووری ڕۆژهەڵات بە شێوەی تاوەباران دەبێت، پاشان لە نیوەڕۆدا کاریگەرییەکەی درێژ دەبێتەوە بۆ گەرمیان، پارێزگای سلێمانی، هەولێر و دەڤەری باڵەکایەتی. لە ناوچەکانی گەرمیان و کەرکوک ئەگەری هەورەبروسکە هەیە و لە ناوچە شاخاوییە سنوورییە بەرزەکانیش بەفر دەبارێت. شەوی سێشەممە کەش سەقامگیر دەبێتەوە تەنها لە هەڵەبجە نەبێت کە بۆ ڕۆژی چوارشەممەش باران بەردەوام دەبێت.
بەپێی پێشبینییەکان، سبەی پلەکانی گەرما ١ بۆ ٢ پلەی دیکە دادەبەزن بەراورد بە ئەمڕۆ. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بەم شێوەیە دەبن: گەرمیان ١٧، کەرکوک ١٦، هەولێر و ئاکرێ ١٥، هەڵەبجە و دهۆک ١٣، زاخۆ ١٢، سلێمانی ١١، سۆران ٩، و ئامێدی ٨ پلەی سیلیزی.
لە کۆتاییدا، ئەم گۆڕانکارییە لە کەشوهەوادا نیشانەی هاتنی سەرمایەکی زستانەیی کاریگەرە، کە تێیدا مەودای بینین بۆ ٦ تا ٨ کیلۆمەتر کەم دەبێتەوە و پێویستە هاوڵاتیان و شۆفێران، بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان، ئاگاداری دۆخەکە بن.
AM:11:55:08/12/2025
ئهم بابهته 120
جار خوێنراوهتهوه