بێویژدانیی بەرامبەر سلێمانی

‌سیروان غەریب

لە کاتێکدا دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان پێویستی بەدامەزراندنی حکومەتێک هەیە کە ئارامیی، ئاشتەوایی و پێشکەوتنی کۆمەڵگا بکاتە ئەولەویەتی کارەکانی، کەچی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ شەڕی دەروونیی  دژ بە خەڵکی شاری سلێمانی بەکاردەھێنێت. 

بەستنەوەی  پێشێلکاری هێزێکی ناو یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان بە شاری سلێمانییەوە و پەلاماردانی ئەم شارە بەچەپ و ڕاست و تۆمەتبارکردنی ڕۆشنبیران و نوسەرانی بە کەسانی "بێ هەڵوێست"، بووە بە گوتاری میدیایی حزبی حاکم. ئەم ستراتیژە لە ڕێگای هەزاران پەیجی قەڵەوکراو بە پارە و سامانی گشتییەوە پیادەدەکرێت کە مەبەستی سەرەکیی بریتییە لە گۆڕینی پێگە و شوناسی سلێمانی لەشارێکی زیندووی بەهەڵوێست و خاوەن ڕۆشنبیر و نوسەری ئازاو ڕۆژنامەنوسی ڕاستگۆوە بۆ شارێک کە گوایە هەڵوێستی نییە و "ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنوسان و نوسەرانی  کڕدراون و خەڵکەکەشی بێ ئومێدبوون ".

ئەوان وا دۆخی وڵاتەکەمان نمایشدەکەن وەک ئەوەی ئەم پێشێلکارییانە، نامۆ بن، وەک ئەوەی ئەم ئەشکەنجەدانە لەهەرێمی کوردستان و عێراق وێنەی نەبێت، وەک ئەوەی ئەم کارە قێزەونە هەرگیز قسەی لەسەر نەکرابێت. 

ئەم گوتارە میدیاییەی حزبی حاکم دەیەوێت کار لەسەر سایکۆلۆجیای ئینسانی کورد بکات بەوەی سلێمانی وەک شاری ڕۆشنبیریی و هونەر و کلتوری بەهێزی کوردایەتی کۆتایی هاتووەو ئیدی لە ئێستادا بووە بە شاری "بێ هەڵوێستیی و مەیدانی ترس". 

دروستکردنی تۆڕی هێرش و بوختان لەناو گوتاری حزبی حاکم تەواو چالاکە و لەڕاستیی دوور ناکەوینەوە گەر بڵێین لە کاتی شەڕی ناوخۆدا بەم شێوەیە ماشێنەکانی ناشرینکردن و بەدناوکردنی نەیارە سیاسییەکان دەخرانە گەڕ. ئەم گوتارە لەبری جیاکاری لەنێوان خەڵک و یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان بەردەوام کار لەسەر ئەوە دەکات، وەک یەک یەکەی لێکدانەبڕاو نمایشیان بکات و وەک ئەوەی یەک بیرکردنەوە و ئامانج بەیەکەوە گرێیان بدات.

 بەشێکی زۆری خەڵکی شاری سلێمانی ماوەی چەندین ساڵە هەڵبژاردن لەدوای هەڵبژاردن سزای یەکێتی دەدەن، وەک دەسەڵاتی سەرەکیی زۆنەکە و ڕەخنەی لێدەگرن ، بەشێکی زۆری دەنگە حەقیقییەکانی خۆیان لێ سەندوونەتەوە ، ئەمە لەکاتێکدایە بەدیلەکانی بزوتنەوەی گۆڕان نەوەی نوێ بوو   ، نەک پارتی دیموکراتی کوردستان کە تەمەنە سیاسییەکەی 80 ساڵە.

ئەم گوتارەی حزبی حاکم بەتەنھا جیاوازی لە نێوان خەڵکی سلێمانیی و یەکێتی ناکات، بەڵکو سایکۆلۆجیای کەسێکی ئەشکەنجەدەر بە سایکۆلۆجیای خەڵکی سلێمانییەوە دەبەستێتەوە، میدیا زەبەلاحەکانیان بەشێوازی خۆیان و پەیجەکانیان بەزمانی خۆیان ئەم گوتارە دژە سلێمانییە دەگوازنەوە. 

لەگەڵ ئەم گوتارەی حزبی حاکم هەندێک نوسەر بەبێ ئەوەی بزانن دەبنە پۆستەچی ئەم گوتارە حزبییەی کە دژ بە شاری سلێمانی وەگەڕخراوە، ئەویش لەڕێگەی خۆ بەپاڵەوانکردنەوە بەزمانێکی توڕە و ناشرین کە لەگەڵ ئەخلاقی نوسین و ڕۆشنبیرییدا ناتەبایە و یەکناگرێتەوە، هێرشدەکەنە سەر خەڵکی سلێمانی بەشارێکی "خەسیو" و "نامەرد" و " بێ هەڵوێست" لەقەڵەم دەدەن.  

ئەم گوتارە پشت بە ماشێنێکی زەبەلاحی میدیایی دەبەستێت و هەندێک نوسەر بەبێ ئەوە مەبەستیان بێت بێ ئاگایانە دەبنە بڕغووی ئەو ماشێنە و ووشەگەلی سلێمانی "خەسیوە ، نامەردە، بێ هەڵوێستە، لەپیاوەتی کەوتووە" بەکاردەھێنن. ئەم جۆرە نوسەرانە خودئەڤینییەکی رۆشنبیریی پاڵیان پێوەدەنێت کە ئامانجی سەرەکییان ئەوەیە ببنە پاڵەوانێکی نیشتیمانیی ٫لەبەرگی جنێوفرۆشێک، ئیتر باکی نییە بەوەی بەپێی پەتی ڕۆچۆتە نێو کام گوتاری حزبی و ڕق و کینەی ناوچەییەوە. 

پێشێلکارییەکە ڕوون و ئاشکرایە، هەمووان داوای لێپێچینەوە و سزادانی بکەرانی نایاسایی و نامرۆڤانە دەکەین و دژی ئەو مامەڵە ناشرینە دەوەستینەوە کە بەرامبەر بە حەمە ڕەش و ھەر ئینسانێک کراوە و کەرامەتیان شکێنراوە و شکۆی مرۆییان پێشێلکراوە. سەرەڕای تەمومژی کەیسەکە، ئەگەر لەکاتی شەڕەکەدا کەسیشی کوشتبێت، ئەوا یاسا هەیە و سزا هەیە. بەڵێ  دەبێت پێکەوە هەمووان دژی ئەو شێوازە مامەڵکردنە بین، نوقتە سەری دێڕ. نەک بە جوێن و سوکایەتی، بەڵکو بە ڕەخنە با زۆریش توند بێت.

کاری نوسەر و نوسین دەبێت لە بەرژەوەندی گشتییدا بێت نەک خۆ بەپاڵەوانکردنی شەخسیی. دەبێت ئیشی نوسین ڕەخنە بێت، نەک جوێن و سوکایەتی، دەبێت نوسین  ببێتە هۆکاری چاکسازی لەو سیستەمەی لە زاخۆوە تا بەسڕە ئامادەیی هەیە و تیایدا مەزاجی کەسیی ئەشکەنجەدەر یان پاڵنەری ڕقی شەخسی و حیقدی حیزبیی تیایدا ئیشدەکات. 

جێی داخە هەندێک نوسەر لە کاتێکدا بانگەشەی بێلایەنیی دەکەن، بەڵام لە کاتی هەڵسەنگاندنی تاواندا بەپێی بنەمای حەقیقەت کارناکەن. بەڵکو بە پێی نزیکایەتیی  ووتار بڵاودەکەنەوە؛ لەگەڵ "ڕێزم بۆ چەند نوسەرێکی بەڕێز کەنیشتیمانین" ، ئەمەش گۆڕینی ڕۆڵی سەرەکیی نوسەرە لە پاراستنی وشیاریی گشتییەوە بۆ خزمەتکردنی ئایدۆلۆژیایی حزبی. کاتێک نوسەرێک بەرامبەر دەسەڵاتێک قڕوقەپ دەکات و تەنها دەنگی لە دژی لایەنێکی تر بەرزدەکاتەوە، ئەوە بە مانای ئەوەیە لە ئاستی ئاکاری فکریدا، ڕاستی و حەقیقەتی کردووە بە قوربانیی بەرژەوەندی شەخسیی. یەکەێک لە ڕۆڵە خراپەکانی ئەم جۆرە نوسەرانە ئەوەیە کە ناوچەیەک بە تەواوی وەک جەهەنەم نمایشدەکەن و ناوچەیەکی تر وەک بەهەشت؛ ئەم هەڵسەنگاندنە ساختەیە، نە ڕاستی کۆمەڵگا دەردەخات، نە یارمەتی چاکسازییش دەدات.

ئەو نووسینەی لەسەر بنەمای دوژمنایەتیی شارێک بنیات بنرێت، زۆرجار لە خزمەتی هۆشیاریی و  زانین نییە، بەڵکو لە خزمەتی دروستکردنی وێنەیەکی دەستکردە. زۆرجار ، هەندێک نوسەر بەناوی ڕەخنە، شارێک بریندار دەکەن، بەبێ ئەوەی بزانن لە پرۆسەی دروستکردنی سەرکوتکاری و سزادانی شارێک بەشدارن، چونکە هەڵوێستیان لەسەر بنەمای پرەنسیپ نییە، بەڵکو لەسەر بنەمای ئاراستەی بوون بەپاڵەوانە لەسەر حسابی شکاندنی شکۆ و کەرامەتی ئەوی دی.

لەکەنار ئەم دڕدۆنگییە ڕۆشنبیرییەدا، هێرشێکی پلانبۆداڕێژراو بۆ سەر ڕۆشنبیرانی سەربەخۆ دەبینرێت کە دەیەوێت ڕۆڵ و پێگەیان بشێوێنێت و کاریگەریی کۆمەڵایەتیی و سیاسییان بێ بایەخ بکات. بە بۆجوونی من، ئەو گشتاندنە کوێرانەیەی لەم وتارانەدا بەرامبەر بە ڕۆشنبیر وەک بکەرێکی مەعریفی و کۆمەڵایەتی دەکرێت، ڕێک بەشدارە لەم پەلامارە سیستماتیکییەدا کە فەزای ڕۆشنبیریی کۆمەڵگای ئێمەی ژەھراوی و ناشرین کردووە.


PM:10:48:18/05/2026

ئه‌م بابه‌ته 464 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی