قوباد تاڵەبانی بەردەوامی گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریكا تاوتوێ دەکات

‌ قوباد تاڵەبانی و ماسیو تولەر

وێستگەنیوز-

جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ماسیو تولەری باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق كۆبووەوە و دیالۆگی ستراتیژیی ئەمریكا و عێراق،  گفتوگۆ و دانوستان لەنێوان هەرێم و بەغدا بۆ چارەسەری کێشە هەڵپەسێردراوەکان تاوتوێ دەکەن.

نوسینگەی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بڵاویکردەوە، لەکۆبوونەوەی نێوان قوباد تاڵەبانی و ماسیو تولەری باڵیۆزی ئەمریكادا هەردوولا هاوڕابوون لەسەر درێژەدان بە دیالۆگی ستراتیژیی نێوان بەغدا و واشنتۆن و جەختیان كردەوە، لە بەرژەوەندی هەردوو وڵاتدایە كە پەیوەندییەكی گشتگیر و هاوسەنگیان هەبێت لە سەرجەم بوارەكانی ئەمنی و سەربازی و كەلتوری و ئەكادیمی و ڕۆشنبیری. 

لە بەشێكیتری كۆبوونەوەكەدا جەخت لە گرنگیی بەشداریكردنی نوێنەرایەتی هەرێمی كوردستان كراوەتەوە لەو دیالۆگە عێراقی ـ  ئەمریكییە، وەك هەرێمێكی دەستوری لە چوارچێوەی دەوڵەتی فیدراڵی عێراق. 

نوسینگەی جێگری سەرۆك وەزیران ئەوەشی خستوەتەڕو، لە تەوەرێكیتری كۆبوونەوەكەدا باڵیۆزی ئەمەریكا پشتیوانی وڵاتەكەی دووپات كردەوە بۆ بەردەوامی گفتوگۆ و دانوستان لەنێوان هەرێم و بەغدا بەمەبەستی گەیشتن بە رێككەوتن لەسەر پرسە هەڵپەسێردراوەكانی تر، پاش پەسەندكردنی یاسای بودجەی فیدراڵی بە رێككەوتنی نێوان هەردوولا. 

ئەوەش خراوەتەڕو، شاندەكەی ئەمریكا كە كونسوڵی گشتی هەولێریش تێیدا بەشداربوو، ستایشی ڕۆڵی قوباد تاڵەبانی و حكومەتی هەرێمیان كرد بەرامبەر پشوودرێژییان لە دانووستانەكانی بەغدا و داوایانكرد بەهەمان میكانیزم و بەرێگای دیالۆگ هەوڵی چارەسەركردنی سەرجەم كێشەكانیتر بدرێت.


PM:11:10:12/04/2021


ئه‌م بابه‌ته 1764 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو