وەزیری ناوخۆ لەبارەی قەدەغەی هاتوچۆ لەرەمەزاندا رونکردنەوە دەدات

‌‌رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان

وێستگەنیوز-

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆدەبێتەوە و "بەدڵنیاییەوە قەدەغەی هاتوچۆ گۆڕانکاری بەسەردا دێت، بەجۆرێک پێویستە بڕیارەکان لەگەڵ رەمەزان، پارشێو و مەراسیمە ئاینییەکان بگونجێنین".

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی ئەوەی لەمانگی رەمەزاندا زۆربەی چالاکی و جوڵەی هاوڵاتیاندا لەشەواندا دەبێت، بۆیە ئەمڕۆ لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆدەبێتەوە و دوای خوێندنەوەی راپۆرتی پزیشکی وەزارەتی تەندروستی، ژمارەیەک بڕیار دەدردەێت کە وادەکەن کەمترین بەریەککەوتن لەنێوان هاوڵاتیان دروست ببێت.

ئاماژەی بەوەشکرد،  "بەدڵنیاییەوە قەدەغەی هاتوچۆ گۆڕانکاری بەسەردا دێت، بەجۆرێک پێویستە بڕیارەکان لەگەڵ رەمەزان، پارشێو و مەراسیمە ئاینییەکان بگونجێنین، بۆیە قەدەغەی هاتوچۆ وەک خۆی نامێنێت و ئەمڕۆ بڕیار دەدەین لەرەمەزاندا چ شوێنێک دەکرێتەوە و چ شوێنێک دادەخرێت".

پەیوەست بەکردنەوەی مزگەوتەکانیش لەرەمەزاندا وەزیری ناوخۆ وتی، پرسی کردنەوەکانی مزگەوتەکانیش لەکۆبوونەوەکەدا تاوتوێ دەکەن و ئەوەی لەبەرژەوەندی گشتی بێت، بڕیاری لەسەر دەدرێت.


PM:12:04:11/04/2021


ئه‌م بابه‌ته 13808 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت