ئێران باڵیۆزی تورکیا بانگ دەکات


وێستگه‌ نیوز-
دوای قسەکانی ئیرەج مەسجدی باڵوێزى ئێران ، تورکیا باڵیۆزی ئێرانی لە ئەنقەرە بانگهێشت کرد، پاشان ئێرانیش باڵیۆزی تورکیا لە تاران بەهۆی قسەکانی وەزیری ناوخۆی تورکیا کە "ئێرانی بە بوونی گەریلاکانی پەکەکە لە وڵاتەکەیدا تۆمەتبارکردبوو" بانگهێشت دەکات.

ئێران ئاماژەی بەوە نەکردووە کە سلێمان سۆیلۆ، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە کوێ و چ کاتێک "ئێرانی بە بوونی گەریلاکانی پەکەکە لە وڵاتەکەدا تۆمەتبارکردبوو".
 
ئەمڕۆ یەکشەممە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەنقەرە چاوەڕوانی ئەوە لە تاران ناکات دژایەتیی "شەڕی تیرۆر" بکات، بەڵکو چاوەڕوان دەکات، لەگەڵیان بەشداری شەڕەکە بێت. 

بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، محەممەد فەرازمەند، باڵیۆزی ئێران لە ئەنقەرە لە بەرامبەر لێدوانەکانی باڵیۆزی ئێران لە عێراق بانگهێشتکراوە کە باسی لە پێشێلکردنی سەروەریی عێراق لەلایەن تورکیاوە کردووە. 

وەزارەتی دەرەوەی ئێران بانگی دەریا ئورس، باڵیۆزی تورکیای لە ئێران کردووە بەهۆی ئەو تۆمەتە "قبووڵنەکراو و نادادەپەروەرانەی" بۆ ئێران دروستکراون لەلایەن تورکیاوە.

بەپێی میدیای فەرمیی تورکیا، بە باڵیۆزەکەی ئێران وتراوە ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە راستیدا دژی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکەیە کە "سەقامگیریی، ئاسایش و سەروەریی عێراقیان کردووەتە ئامانج". وەزارەتی دەرەوە گوتوویەتی، "ئەم راستییەش لەلایەن دامەزراوە عێراقییەکان و تەواوی لایەنەکان ئاشکرایە."

لەچاوپێكه‌وتنێكى ته‌له‌ڤزیۆنیدا لەگەڵ باڵیۆزی ئێران لە عێراق، ئەو باڵیۆزە لە بەشێکی قسەکانیدا رایگەیاند، دەبێ تورکەکان بگەڕێنەوە بۆ هێڵ و سنوورە نێودەوڵەتییەکانی خۆیان و ئاسایشی عێراق لەلایەن خودی عێراقییەکانەوە دابین بکرێت. 
 
لە چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا،  ئیرەج مەسجدی، باسی لەوەشکرد، شنگال هیچ پەیوەندییەکی بە تورکیاوە نییە تاوەکو بڕیاری لەسەر بدات. هاوکات هەر دوێنێ، فاتیح یەڵدز، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق وەڵامی ئیرەج مەسجدی دایەوە، "تۆ دوایین کەسی بتوانی ئامۆژگاریی تورکیا بکەیت سەبارەت بە رێزگرتن لە سنووری عێراق". 
 


PM:04:15:28/02/2021


ئه‌م بابه‌ته 4248 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو