لە هەگبەی زانینەوە بۆ سەرزەمینی مانا


وێستگه‌ نیوز-
د. ساماڵ مانیی، دوا کتێبی پرۆژە نوسینی فەلسەفی 'هەگبەی زانین'ی کرد بە سەرەتایەک بۆ دروستکردنی 'فەلسەفەی جێندەریی' لە کوردستاندا.  ئەو کتێبە بە ناونیشانی :' ژن و فەلسەفە، فەلسەفەی جێندەریی' یە، لە ڕۆژی ژن ، رۆژی ٨ ی ئازار ی ٢٠٢١ دا لە شارەکانی کوردستان بڵاو دەبێتەوە.

 بەم دوایه‌ کتێبەی هەگبەی زانین، د. ساماڵ مانیی' فەلسەفەی جێندەریی' بۆ یەکەم جار خستە  ناو کەڵتوری کورد و کتێبخانەکانی کوردستانەوە، هیواخوازە ئەم فەلسەفەیە ڕۆشنبیرانی نێر و مێی کورد لەسەر مێزی دیبەیت کۆ بکاتەوە و پێکەوە هزریان دەوڵەمەندتر بکات. 

لە ئێستادا، د. ساماڵ مانیی، پرۆژە نوسینێکیتری تازەی فەلسەفی دەستپێکردوە بە ناونیشانی 'سەرزەمینی مانا' و یەکەم کتێبی ئەو پرۆژە نوسینە تازەیەی نزیک بە ئامادەیە و هەر لەمساڵدا بڵاو دەبێتەوە.

ئەم پرۆژە نوسینە فەلسەفیانەی د. ساماڵ مانیی ، هەر یەکەیان لە سێ کتێبی جیا و سەربەخۆ پێکهاتوون، کۆی هەردوو پرۆژە نوسینەکانی بریتین لە شەش کتێبی فەلسەفی. ئەو کتێبانە، زۆر بەش و بابەتی فەلسەفەی لە هەناودا هەڵگرتوە و تێکهەڵکێشی کردوون، لەوانە:  مێژووی فەلسەفە، فەلسەفەی سۆسیۆلۆجی،  لۆجیک و مێتۆدۆلۆجی، فەلسەفەی زانست، گومانگەریی، پیستیمۆلۆجی و فەلسەفەی زانین،  مۆڕاڵ،  فەلسەفەی جێندەریی،  فەلسەفەی زمان و مانا، هتد.

 هەموو بەش و ناو بەشی ئەم کتێبانە بەسوودن بۆ مەنهەجی خوێندنی زانکۆیی لە کوردستان، چ لەناو بواری خوێندنی فەلسەفەدا بن یان لە بوارە پەیوەندیدارە ئەکادیمیەکانیتردا.   هەروەهاش دەکرێت وەکو کۆرسێکی فەلسەفی لە ماڵەوە بخوێنرێن لەلایەن ژن و پیاوی ڕۆشنبیری کوردەوە چ لە کوردستان بن یان لە هەندەران.


د. ساماڵ مانیی دەڵێت: 'هەگبەی زانین'  و 'سەرزەمینی مانا'  دوو پرۆژە  نوسینی فەلسەفی  ئاڕاستەکراون بۆ  کوردستان، بریتین لە شەش کتێبی فەلسەفی جیا و سەربەخۆ، بەشدارن لە دروستکردنی زەمینەی فەلسەفە و هزراندن و ڕۆشنبیریی بە زمانی کوردی و لە کوردستان و لەناو کوردی هەندەران دا. هەموویان لەسەر ئاستی دیبەیتی فەلسەفی ئەکادیمی لە ئەورۆپا و بەریتانیا و ئەمەریکا و ئۆستۆرالیا نوسراون، بەڵام  کورت و پوخت و بەزمانێکی سادە و ئاسان. 

 دوا کتێبی 'هەگبەی زانین'  بۆ یەکەم جار فەلسەفەی جێندەریی  دروست دەکات  و دەیهێنێتە کوردستانەوە بە زمانی کوردی. زۆر مەبەستمە فەلسەفەی جێندەریی ڕۆشنبیرانی نێر و مێی کورد  لەسەر مێزی دیبەیت کۆ بکاتەوە و پێکەوە بیرکردنەوە و هزریان دەوڵەمەندتر بکات. ئەم کتێبە فەلسەفیە  بەم ناونیشانەیە: 'ژن و فەلسەفە، فەلسەفەی جێندەریی' .  لە ڕۆژی ژن دا/ ٨ ی مارچ، واتە دوو هەفتەیتر، لە  ٨ ی مانگی ئازار ی ئەمساڵ  لە لایەن دەزگای مێخەک بڵاو دەکرێتەوە لە هەرێمی کوردستان دا، بڕیارە لەهەمان ڕۆژدا  هەم لە سلێمانی و  هەم  لە هەولێر بڵاو بکرێتەوە


PM:01:20:23/02/2021






ئه‌م بابه‌ته 1124 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو