له‌ باره‌ی داواكردنی 900 ملیار دیناری هه‌رێم له‌ به‌غدا روونكردنه‌وه‌ ده‌درێت


وێستگه‌ نیوز ـ
ئەندامێکی‌ لیژنەی‌ دارایی له‌ پەرلەمانی‌ عیراق رایگەیاند، هەرێمی‌ کوردستان داوای‌ 900 ملیار دیناری کردووە لەبەرامبەر رادەستکردنی‌ داهاتی‌ نەوتیدا، بەڵام بۆ چارەسەرکردنی‌ کێشەکە پێویستە بگەڕێنەوە بۆ پەرلەمانی‌ عیراق و مێزی‌ گفتوگۆ تا بزانرێت چەند شایستەی‌ داراییان هەیە و چەندیشیان لەسەرە.


ناجی‌ سەعیدی‌، ئەندامی لیژنەی دارایی له‌ په‌رله‌مانی عیراق بە ئاژانسی‌ هەواڵی‌ عیراقی‌ راگەیاندووە، لە کۆبوونەوەی پێشوویاندا لەگەڵ لیژنەکەیان، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران بە ئامادەبوونی‌ وەزیری‌ پلاندانان جەختیکردووەتەوە لەوەی‌ پێش کۆتایی ئەم مانگە پڕۆژە یاسای‌ بودجەی‌ 2021 رەوانەی‌ پەرلەمان دەکات.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق ئاماژەی‌ بەوەشکردووە، چاکسازییەکانی‌ حکومەتەکەی‌ مستەفا کازمی‌ کە بە وەرەقەی‌ سپی‌ ناسراوە نەخشەرێگایەکە بۆ زیادکردنی‌ داهات و کەمکردنەوەی‌ خەرجییەکان لە سێ ساڵی‌ داهاتوودا.

باسی‌ لەوەشکردووە، یاسای‌ پڕکردنەوەی‌ کورتهێنانی‌ بودجە پاش 15 رۆژ لە پەسەندکردنی‌ پەرلەمان دەچێتە بواری‌ جێبەجێکردنەوە و لە رۆژنامەی‌ وەقائعی‌ عیراقدا بڵاودەکرێتەوە، بەوپێیەش قەرزەکەی‌ حکومەت بەشی‌ مووچەی‌ تاکۆتایی ئەمساڵی‌ فەرمانبەرانی‌ عیراق دەکات.

رۆژی‌ 14ی‌ ئەم مانگە سەرۆکی‌ هەرێم رایگەیاند، ئەگەر بەغدا مانگانە 900 ملیار دینار رادەستی‌ هەرێم بکەن ئەوان ئامادەن هەموو نەوتی‌ هەرێمیان رادەست بکەن.


PM:05:16:17/11/2020


ئه‌م بابه‌ته 11888 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت