نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم له‌ به‌غدا: عیراق 320 ملیار دیناره‌كه‌ بۆ هه‌رێم ده‌نێرێت


وێستگه‌ نیوز ـ
سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بە‌غدا رایگەیاند، دوای دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عیراق، بڕیارە بەغدا 320 ملیار دینارەکەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش بنێرێت.

 
فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بە‌غدا بە وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: لە عیراق دەست بە دابەشکردنی مووچە کراوە، دوای دابەشکردنی مووچە بڕیارە بەغدا 320 ملیار دینارەکەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش بنێرێت.
 
لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداش، فارس عیسا وتی: "بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات".
 
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، كه‌ ته‌مه‌ننا ده‌كه‌ن به‌ زوویی به‌غدا 320 ملیار دیناره‌كه‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ره‌وانه‌ بكات بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی مووچه‌ بكرێت.

بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، پەرلەمانی عیراق بەبێ رەزامەندیی کورد، پرۆژەیاسای قەرزی بۆ کورتهێنانی بودجە پەسه‌ندکرد. بەپێی یاساکە هیچ پشکێک لەو قەرزە بۆ هەرێمی کوردستان دیارینەکراوە، هاوکات رادەستکردنی هیچ بڕە نەوتێکیش لەسەر هەرێمی کوردستان نەسەپێنراوە، بەڵکو دانراوە کۆمپانیای سۆمۆ دیاریبکات، بۆیە نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عیراق بەپێویستیی دەزانن، هەرێمی کوردستان شاندێک بۆ گفتوگۆ بنێرێتە بەغدا، وەک ئەوان دەڵێن، ئەگەر پابەندبن بە نێوەڕۆکی یاسای قەرزەوە، دەتوانن لەجیاتی 320 ملیار دینار، زیاتریش وەربگرن.


دوێنێ یەکشەممە سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان، لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی هەڵوێستیان بەرامبەر عيراق و تێپەڕاندنی یاسای قەرز بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان لە بودجەی عيراق بەبێ جێکردنەوەی خواستەکانی کورد.

دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا وتی: "لە حکومەتی عيراق و بەشێکی لایەنە سیاسییەکان نیگەرانین، ئەو یاسایەی لە پەرلەمانی عيراق دەریانکرد، بەتەواوی دژی خەڵکی هەرێمی کوردستانە".
 
هەمان رۆژ وتەبێژی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عيراق رایگەیاند، بەغدا پابەندە بە ناردنی 320 ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان و دەڵێت، ناکرێت جیاوازی بکرێت لەنێوان فەرمانبەرێک لە بەسرە و فەرمانبەرێک لە هەولێر.
 


AM:11:02:16/11/2020


ئه‌م بابه‌ته 5888 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت