مەزڵوم كۆبانی: فەڕەنسا بۆ پاراستنی بەها مرۆییەکان ڕۆڵێکی‌ بەرچاوی هەبووە

‌مەزڵوم كۆبانی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات

وێستگەنیوز-

فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات ( هەسەدە) رایگەیاند، فەڕەنسا رۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە پاراستنی موسڵمانان لە دەستی داعش و بەها مرۆڤایەتییەکان، بەپێچەوانەوە سەرۆکی تورکیا ئەردۆغان یارمەتی‌ داعشی‌ داوە و ئیسلامی بۆ بەرژەوەندییەکانی‌ خۆی‌ بەكارهێناوە.

مەزڵوم كۆبانی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات ( هەسەدە) لەپەڕەی فەرمی خۆی لە تویتەر نوسیویەتی، "ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆکی‌ فەڕەنسا موسڵمانانی پاراستووە  لەدەست چەکدارانی داعش وڕۆڵێکی‌ بەرچاوی هەبوو بۆ لەناوبردنی‌ ئەو رێکخراوە و پاراستنی‌ بەها مرۆییەکان".

ئاماژەی بەوەشکردوە، "بە پێچەوانەوە رەجەب تەیب ئەردۆغان یارمەتی‌ داعشی‌ داوە و ئیسلامی بۆ بەرژەوەندییەکانی‌ خۆی‌ بەكارهێناوە".

بەهۆی بڵاوبوونەوەی کاریکاتێرێکی وێنەیەیی لەسەر پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) لە پاریس، ناڕەزایی و کاردانەوەی لەناو وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی لێکەوتوەتەوە و دەسەڵاتی ئەو وڵاتە بە سوکایەتیکردن بە پیرۆزییەکانی موسڵمانان تۆمەتباردەکەن، لەبەرامبەردا سەرۆکی‌ فەڕەنسا جەختیکردوەتەوە کە رێز لە هەمو بیروڕایەکی جیاوازی ئاشتیخوازانە دەگرن و روبەڕوی "توندڕەوی ئیسلامی"یش دەبنەوە.

16ـی ئەم مانگە گەنجێکی پەنابەر بەناوی عەبدوڵا ئەنزورۆف بە رەگەز چیچانی بەچەقۆ مامۆستایەکی بەشی مێژوی سەربڕی، دوای ئەوەی مامۆستاکە وێنەی کاریکاتێری پێغەمبەر ئیسلام (د.غ) نیشانی خوێندکارەکانی دابو، روداوەکەش کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتوەتەوە.



PM:10:52:26/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 1436 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت