قائیمقامی‌ نوێی سۆران لەیەكەم لێدوانیدا چ بەڵێنێكی دا؟

‌ ھەڵگورد نەجیب

وێستگە نیوز-

ئەمڕۆ چوارشەممە 30ی‌ ئەیلولی‌ 2020، ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بۆ دەنگدان بە قائیمقامی شارۆچكەی سۆران كۆبووەوە و بەزۆرینەی دەنگی‌ ئەندامانی‌ ئەنجومەن (هەڵگورد نەجیب) بە قائیمقامی‌ شارۆچكەی‌ سۆران دیاری‌ كرا و رایگەیاند "بەھۆی ئەو دۆخەی ھەیە، نامەوێت بەڵێنی گەورە بە خەڵك بدەین، بەڵام بەپێی توانا ئەوەی پێمان بكرێت بۆ خزمەتی خەڵكی سۆران دەیكەین".  

هاوكات ھەڵگورد نەجیب قائیمقامی‌ نوێی‌ قەزای‌ سۆران، لە كۆنگرەیەكی‌ رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە چوارچێوەی پلانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، پلانی تایبەتمان ھەیە بۆ خزمەتكردنی زیاتری قەزای سۆران، ئاماژەی‌ بەوەشكرد كە ھەوڵ دەدەن ئەو بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگانەی تائێستا لە سۆران نەكراونەتەوە لە ئایندەیەكی نزیك بكرێنەوە، بۆ ئەوەی خەڵك بۆ مامەڵەكانیان نەیەنە ھەولێر.

قائیمقامی سۆران روونیكردەوە، بەھۆی ئەو دۆخەی ھەیە، نایەوێت بەڵێنی گەورە بە خەڵك بدەن، بەڵام بەپێی توانا ئەوەی پێیان بكرێت بۆ خزمەتی خەڵكی سۆران دەیكەن.  

كورتەیەك لە ژیاننامەی هەڵگورد شێخ نەجیب قایمقامی سۆران:

ئەندازیار هەڵگورد شێخ نەجیب شێخ عوسمان لە ١\٩\١٩٧٣ لە ناحیەی دیانا لەبنەماڵە ناودارەكانی دەڤەری سۆران لەدایكبووە.
 
- خوێندنی سەرەتایی لە شارۆچكەیی دیانا تەواو كردووە.
- ١٩٩١- ١٩٩٢ بەرپرسی ناوچەی هەولێری یەكێتی قوتابیان و لاوانی كوردستان بووە.
- ١٩٩٢- ١٩٩٤پەیوەندی بە ریزەكانی لەشكری یەكگرتووی كوردستان كردووە و بووەتە ئەفسەری هەواڵگری.
- ١٩٩٤-١٩٩٨ لە سوپای دووی لەشكری شۆڕشگێڕی كوردستان بووەتە ئەفسەر و ئەركەكانی بەو پەڕی توانا و لێهاتوویەوە جێبەجێكردووە.
- ساڵی ١٩٩٨ بۆ خوێندن روو لە شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا دەكات.
- ساڵی ٢٠٠٣ بڕوانامەی بەكالۆریۆس بە پلەی باڵا لە زانستی كۆمپیوتەر لە زانكۆی كوین ماری لە لەندەن وەرگرتووە.
- ساڵی ٢٠٠٦ بروانامەی تایبەتی بە بواری ئەندازیاری نیتۆڕكینگ لە ئەمەریكا بە دەستهێناوە.
- ساڵی ٢٠١٤ بڕوانامەی ماستەری لە بواری ئەندازیاری كۆمپیوتەر و تۆڕەكانی ئینتەرنێت بەدەستهێناوە.
- ساڵی ٢٠٠٩ گەڕاوەتەوە كوردستان و گروپی قوتابخانەكانی كامبرێجی نێودەوڵەتیان دامەزراندووە.
-بەڕێوەبەری گشتی گروپی قوتابخانەكانی كامبرێجی نێودەوڵەتییە.


PM:12:18:30/09/2020


ئه‌م بابه‌ته 2936 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت