یەكێتی روونكردنەوە سەبارەت بەوەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری سلێمانی دەدات

‌ د.هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی

وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال

یەكێتی نیشتمانی و بزووتنەوەی گۆڕان بەنیازی چەند گۆڕانكارییەكن لەپۆستە ئیدارییەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی، بەڵام ئەو گۆڕانكارییە پارێزگاری سلێمانی ناگرێتەوە.

بەپێی زانیارییەكانی سەرچاوەیەكی تایبەت لەیەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ وێستگە نیوز، لەكۆبوونەوەی دوێنێی حیزبەكەیان و بزووتنەوەی گۆڕان كە لەشاری سلێمانی بەڕێوەچوو، باسی ئاڵوگۆڕی هەندێك لەپۆستەكانی حكومەتی خۆجێی سلێمانی كراوە، چونكە ئەوان و گۆڕان بەپێی رێككەوتنی ساڵی 2014ی ئەنجومەنی پارێزگاكان، رێككەوتنەكەیان بۆ ماوەی چوار ساڵ بووە، بەڵام ئێستا وا دەبێتە شەش ساڵ بۆ ئەو رێككەوتنە.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەكرد، ئەو گۆڕانكارییانە د.هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی ناگرێتەوە، چونكە هەرچەندە كاندیدی گۆڕانە لەو پۆستەدا، بەڵام پارێزگارێكی باشە و توانیویەتی بەشێوەیەكی هاوسەنگ پەیوەندییەكانی رابگرێت، بەڵام رەنگە گۆڕانكاری لەپۆستەكانی خوارەوەدا بكرێن.

سەرچاوەیەكی دیكەی یەكێتی لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ وێستگە نیوز رایگەیاند، بەدڵنیاییەوە گۆڕانكارییەكان پارێزگاری سلێمانی ناگرێتەوە، چونكە لەحاڵەتی گۆڕینی پارێزگاردا دەبێت گۆڕانكاری لەپارێزگاری هەڵەبجە و قایمقامەكانی سلێمانی و هەڵەبجەشدا بكرێن.

سەرچاوەكە وتی "ئێمە و گۆڕان كێشەی پۆستەكانی تایبەت بە خۆمان هەیە، بۆ نموونە بەڕێوەبەرانی گشتی تەندروستی و گەشت و گوزار و وەبەرهێنانی سلێمانی كە بەركەوتەی یەكێتین ئەوانە بەوەكالەتن، بەپێی یاساش وەكالەت بۆ سێ مانگە، بەڵام وا زیاتر لە دوو ساڵە ئەو بەڕێوەبەرانە لەو پۆستانەن، هەروەها گۆڕانیش هەندێك پۆست هەبووە لەچوارچێوەی رێككەوتنەكەمان تائێستا وەریان نەگرتووە، بۆیە ئەو وردەكارییانە ماونەتەوە".

د.هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی وەك كاندیدی بزووتنەوەی گۆڕان، لەكۆتایی ساڵی 2017دا بەفەرمی وەك پارێزگاری سلێمانی دەستبەكاربووە.


PM:01:01:02/07/2020


ئه‌م بابه‌ته 14240 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو