بارزانی په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌

‌مه‌سعود بارزانی

وێستگه‌ نیوز ـ
مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، ئەگەر لە قۆناغێكدا خەباتی گەلی كوردستان تووشی وەستان و نسكۆ هاتبێت ئەوە ئیرادەی تێكۆشانی گەلی كوردستان هیچ كات نەشكاوە و بە گوڕوتینێكی تازە سەرهەڵدەداتەوە.

ئه‌م قسانه‌ی بارزانی له‌ په‌یامێكدا بوو به‌بۆنه‌ی ساڵیادی شۆڕشی گوڵان، هه‌ر له‌و په‌یامه‌دا بارزانی ده‌ڵێت" لەیادی چل و چوارەمین ساڵی شۆڕشی گوڵاندا جەخت لە پەیامی پێكەوەژیان و ئاشتیخوازیی گەلی كوردستان دەكەینەوە و خەڵكی كوردستانیش لەوە دڵنیا دەكەینەوە كە شۆڕش و خەبات و قوربانیدانیان بە فیڕۆ ناچێت".

ده‌قی پەیامی مه‌سعود بارزانی لە ساڵیادی شۆڕشی گوڵان:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
لە یادی شۆڕشی گوڵاندا پێزانینم بۆ ڕۆڵ و ماندووبوون و ئاوارەیی و گیانفیدایی هەموو ئەو تێكۆشەر و پێشمەرگە قارەمانانە هەیە، كە بەشداری شۆڕشی گوڵان بوون و مێژوو و شانازییان بۆ گەلی كوردستان دروست كرد. هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی شۆڕشی گوڵان و هەموو شەهیدانی كوردستان.

شۆڕشی گوڵان هەڵگری پەیام و ئامانجەكانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو و، یەكێكە لە قۆناغە گرنگەكانی بەرخودانی پێشمەرگە و گەلی كوردستان و سەلماندی كە ئەگەر لە قۆناغێكدا خەباتی گەلی كوردستان تووشی وەستان و نسكۆ هاتبێت ئەوە ئیرادەی تێكۆشانی گەلی كوردستان هیچ كات نەشكاوە و بە گوڕوتینێكی تازە سەرهەڵدەداتەوە.

پەیامی شۆڕشی گوڵان كە لە بیست و شەشی ئایاری 1976ـدا هەڵگیرسا، پەیامی بەردەوامی و كۆڵنەدان و
پێداگری بوو لە مافە ڕەواكانی گەلەكەمان و درێژكراوەی شۆڕشەكانی تری گەلی كوردستان بوو. بەرهەمی شۆڕشی گوڵان یەكڕیزیی هێز و لایەنەكانی گەلەكەمان بوو بۆ ڕاپەڕین و فیدڕاڵی و فرەلایەنی و هەڵبژاردن و بەرپابوونی دامودەزگەی هەرێمی كوردستان كە هەر هەمووی دەستكەوتی گرانبەهان و بە خوێن و فرمێسك و هاتوونەتە دی.

لەیادی چل و چوارەمین ساڵی شۆڕشی گوڵاندا جەخت لە پەیامی پێكەوەژیان و ئاشتیخوازیی گەلی كوردستان دەكەینەوە و خەڵكی كوردستانیش لەوە دڵنیا دەكەینەوە كە شۆڕش و خەبات و قوربانیدانیان بە فیڕۆ ناچێت.

مسعود بارزانی
25ـی 5ـی 2020



PM:06:06:25/05/2020


ئه‌م بابه‌ته 3468 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت