ئەردۆغان وەزیری گواستنەوەی تورکیای لە کارەکەی دوورخستەوە

‌محەمەد جاهد تورهان، وەزیری گواستنەوەی تورکیا ئەمڕۆ لە کارەکەی لادرا


وێستگە نیوز- 


سەرۆک کۆماری تورکیا، وەزیری گواستنەوەی حکومەتی وڵاتەکەی لە کارەکەی دوورخستەوەو وەزیرێکی نوێشی بۆ وەزارەتەکە دیاریکرد. 

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ئەمڕۆ شەممە محەمەد جاهد تورهان، وەزیری گواستنەوەی تورکیای لە پۆستەکەی دوورخستەوەو عادل کارا ئیسماعیل ئۆغلۆ-ی بۆ شوێنگرتنەوەی دیاریکرد. 

ئەم هەنگاوە کتوپڕەی ئەردۆغان لەکاتێکدایە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرۆکی تورکیاشی گرتووەو تا ئێستا ٥ هەزار و ٦٩٨ کەس تووشی کۆرۆنا بوون و ٩٢ کەسیش گیانیان لەدەستداوە، بەوهۆیەشەوە حکومەتی تورکیا چەندین کۆتوبەندی خستووەتە سەر گەشتی نێودەوڵەتی و نێوان شارەکانیش. 

لە هەفتەی رابردوودا تورهان و وەزارەتەکەی رووبەڕووی رەخنەی فراوان بوونەوە بەوپێییەی سەرەڕای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە مەراسیمێکدا بنیاتنانی کەناڵێکی گەورەی ئاوی لە ئیستانبوڵ راگەیاند. 

لە مەراسیمەکەدا تورهان راشیگەیاند، تورکیا لەو دەوڵەتانەیە کە کەمترین زیانی بەهۆی کۆرۆناوە پێگەیشتووە بەهۆی ئەو رێکارانەی لەکاتی گونجاودا گرتوویەتیە بەر. 

پێشتر محەمەد جاهد تورهان سەرۆکی هێڵی ئاسنینی تورکیا و دواتریش پۆستی گەورە راوێژکاری ئەردۆغانی وەرگرتووە، تا ئەوکاتەی لە ساڵی ٢٠١٨ دا بووە وەزیری گواستنەوەی تورکیا ، بەڵام ئەو وەزیرە نوێیەی لە شوێی تورهان دانراوە پێشتر تەنها پۆستی جێگری وەزیری گواستنەوەی هەبووە کە لە ساڵی رابردوودا پێیدرا. 


PM:07:33:28/03/2020


ئه‌م بابه‌ته 3780 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو