گروپی کۆمپانیاکانی بەڕێز هاوکاری 5 هەزار خێزان دەکات



وێستگە نیوز- 

گروپی کۆمپانیاکانی بەڕێز هاوکاری 5 هەزار خێزان دەکات و راشیدەگەیەنێت هەماهەنگی پێویست لەنێوان کۆمپانیاکان و خێرخوازان نیە بۆ دابەشکردنی پێداویستیەکان. 

لە راگەیەندراوێکی گروسپی کۆمپانیاکانی بەڕێزدا هاتووە، " ھەڵمەتێكی فراوان لە ڕۆژی شەمەوە دەست پێدەكەین بۆ قەزاو ناحیەكان و پاشان دێھاتە دوورەدەستەكان، سەرەتا (٥٠٠٠) پێنج ھەزار خانەوادە لە خۆ دەگرێت و تا ئەم دۆخەش كۆتایی دێت لەبەخشین و بەدەمەوەچوونی خەڵكی كوردستان بەردەوام دەبین".

دەقی ڕاگەیەنراوەكە:
هەنگاوی سێھەمان بۆ قەزا و ناحیە و دێهاتە دوورە دەستەكانە..
بەندە بە ھاوكاری براكانم ھەڵمەتێكی فراوان لە ڕۆژی شەمەوە دەست پێدەكەین بۆ قەزاو ناحیەكان و پاشان دێھاتە دوورەدەستەكان.
سەرەتا (٥٠٠٠) پێنج ھەزار خانەوادە لە خۆ دەگرێت و تا ئەم دۆخەش كۆتایی دێت لەبەخشین و بەدەمەوەچوونی خەڵكی كوردستان بەردەوام دەبین.
تێبینییەكی گرنگ و برایانەشم هەیە بۆ بازرگان و سەرمایەدارە بەخشندەكان.
بەڕێزان، لەئێستادا هەڵمەتێكی نیشتمانی گەورە لە لایەن خێرخوازانەوە دەستی پێكردووە بۆ دابەشكردنی پێداویستی ڕۆژانەی هاووڵاتیان!
بەڵام بەداخەوە بەهۆی نەبوونی هەماهەنگی لە نێوانماندا زۆر جار ئەو پێداویستیانەی دابەشی دەكەین ئامانجەكانی خۆی ناپێكێت بۆ نمونە، لە ھەندێك شۆین ھاوكارییەكان دووبارە و سێبارە دەدرێت بە هاووڵاتیان، بەڵام زۆر شوێنیش ھەیە تائێستا ھاوكاری نەگەیشتووەتە دەست كەمدەرامەتەكان و واش پێدەچێت ئەم دۆخە درێژە بكێشێت، بە پێویستی دەزانم گروپێك دروست بكەین لە نێوان خۆماندا لە ڕێگای یەكێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان تا ئاگاداری هەڵمەتی دابەشكردنی كار و چالاكییەكانی یەكتربین بۆ ئەوەی بەشێوازێكی باشتر و دادپەروەرانە پێداویستییەكان بگاتە ھەموو شوێنێك.
پشتیوان بەخوای باڵادەست وەك گروپی كۆمپانیاكانی بەڕێز بە هاوكاری ڕێكخراوی خێرخوازیی خەڵك درێژە بە كار و چالاكییە خێرخوازییەكانمان دەدەین هەروەك چۆن لە قەیرانەكانی ڕابردووشدا هەمیشە پێشەنگ بووین.
خوای گەورە خۆی پشت و پەنا و پارێزەری هەموو لایەكمان بێت.
گروپی كۆمپانیاكانی بەڕێز
22-3-2020
تێبینی ھەر خانەوادەیەك دەیەوێت بەشداربێت لە دەستنیشانكردنی ماڵە ھەژارەكان تا ھاوكاری بگەینینە دەست، یان كەسێك بیەوێت سەبەتەیەك خۆراك پێشكەش بكات بەم كەمپینە باپەیوەندی بكەن بەم ژمارە تەلەفونانەوە بكات:
 
07701973737
07701582538
07729991114
07725227160
07740911275
07501962774
07501544372


PM:06:48:23/03/2020


ئه‌م بابه‌ته 3180 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت