وێستگە نیوز-
فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات- هەسەدە ڕایدەگەیەنێت، لە راگەیاندنی ئاگربەستەكەوە 182 هەڤاڵیان شەهیدبوو و جەختیش لەبەردەوامی هێرشەكانی توركیا و گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەكانی سووریای نزیكی بۆ سەر رۆژئاوا دەكاتەوە.
مەزڵووم كۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات- هەسەدە لە تویتێكدا نووسیویەتی ئەوەی خستۆتەڕوو، لەگەڵ تێپەڕبوونی هەر كاژێرێكدا توركیا و چەكدارانی نزیك لە توركیا رووبەری زیاتر دەگرن.
كۆبانێ ئەوەش ئاشكرا دەكات، لەو كاتەوەی ئاگربەستەكە لەسەر بنچینەی رێككەوتنی نێوان توركیا و ئەمریكا راگەیێندراوە، 182 شەڕڤان و (دەیان هاووڵاتی سڤیل گیانیان لەدەستداوە، 30 هەزار كەسی سڤیل ئاوارەبوون، هەزار و 100 كیلۆمەتر دووجا داگیركراوە) و دەشڵێت"هەسەدە پابەندی رێككەوتنەكە بووە".
مەزڵوم كۆبانێ ئەو پابەند بوونەەی خۆیانی بۆ پاراستنی خەڵكە گێڕاوەتەوە و لەوبارەیەشەوە نوسیویەتی"ئەوەش بە مەبەستی پاراستنی خەڵكی خۆمان لە كوژران و ئاوارەبوون".
هەروەها دەشڵێت"پرۆگرامە سەركەوتووەكانی دژی تیرۆریستان و ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانمان بۆ دڵنیابوونەوە لە تێكشكاندنی داعش دەستیانپێكردەوە و ئێستاش لەگەڵ هێزە ئەمریكییەكان بیرە نەوتەكان دەپارێزین".