مه‌كۆی كه‌لاری گۆڕان: لە کۆبوونەوەیەکماندا کەسانێک بە دەمانچە و چەقۆ کێشەیان نایەوە


وێستگه‌ نیوز ـ
مەکۆی کەلاری بزووتنەوەی گۆڕان رایگه‌یاند، کەسانێک بە بەکارهێنانی دەمانچە و چەقۆ و بۆمبی دەستی، کۆبوونەوەیەکی بزووتنەوەکەیان تێکداوە و کارەکەشیانی بە "پلان بۆ داڕێژراو" وەسف کرد.


له‌ روونکردنەوەیەکی مەکۆی کەلاری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان تیایدا هاتووه‌، "رۆژی شەممە 12ی تشرینی یه‌كه‌می 2019، بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ هەڵسووڕاوانی گۆڕان و خستنەڕووی پلان و بەرنامەی داهاتووی بزووتنەوەکە، عومەری سەید عەلی، رێکخەری گشتیی گۆڕان چووەتە کەلار و بەنیاز بووە لە هۆڵی بۆنەکان لەگەڵ هەڵسووڕاوانی دەڤەرەکە گفتوگۆ بکات."

ئه‌وه‌ش هاتووه‌: "لە کاتی کۆبوونەوەکەدا، چەند کەسێک کە هەندێکیان هەڵسووڕاوی گۆڕانیش نەبوون، کەشوهەوای کۆبوونەوەکەیان تێک دا و هێرشی ناڕەوایان کردە سەر میوانەکان و هەڵسووڕاوانی بەشداربوو".

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی مه‌كۆی كه‌لاری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕاندا ئه‌وه‌ش هاتووه‌: "گرووپەکە چەند رۆژێکە پلان بۆ کارەکەیان دادەنێن، بە دەمانچە، چەقۆ، بۆمبی دەستی و دەمانچەی کارەبایی، ئارامیی هۆڵەکەیان تێکدا و بەشێک لە کەرەستە و کەلوپەلی هۆڵەکەیان شکاند".

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی مه‌كۆی كه‌لاری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، "ئه‌وان پشتیوانیی خۆیان بۆ هەر رەخنەیەکی بونیادنەرانە راگەیاندووە، بەڵام ئەم کارەیان بە هەنگاوێکی تێکدەرانەی نامۆ و گوماناوی لەقەڵەم داوه‌، بۆیه‌ ناچارین هەموو رێکارێکی ئسوڵی و یاسایی دژ بەو کەسانە و هاندەرەکانیان بگرینە بەر".

مەکۆی کەلاری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان دواجار ئەوەشی وتووە: "کۆبوونەوەکە لە پاش قسەیەکی کورتی رێکخەری گشتی و لەنێو چەپڵەرێزان و دروشم گوتنەوەی هەڵسوڕاوە دڵسۆزەکانی گۆڕان، کۆتایی هات".


PM:12:54:13/10/2019


ئه‌م بابه‌ته 11224 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت