خوێندنی باڵای عیراق لیژنە بۆ هەڵسەنگاندنی زانكۆكانی هەرێم دروست دەكات



وێستگ نیوز
وەزارەتی خوێندنی باڵای حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، بۆ بەفەرمی دانپێدانانیان، حكومەتی عیراق لە ڕێگەی 2 لێژنەوە هەڵسەنگاندن بۆ ژمارەیەك لە زانكۆی هەرێم دەكات.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی كوردستان، لەڕێگەی ڕاگەیەونراوێكەوە كە كۆپییەكی بۆ (وێستگە نیوز) نێردراوە ئاماژە بەوە دەكات، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە ڕێكەوتی وەفدێكی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی عیراق كە لە دوو لێژنە پێكهاتبون، سەردانی ئەو وەزارەتەیان كردوە و بەمەبەستی هەڵسەنگاندن بۆ زانكۆكانی هەرێم.

لەڕاگەیەنراوەكەی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمدا هاتووە"لە كۆبونەوەكەدا ئاماژە بە نوسراوی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی عێراقی بەژمارە (٥١٦٤) لە ڕێكەوتی (٣١/٧/٢٠١٩) كرا كە بڕیاری پێكهێنانی چەند لێژنەیەكی تایبەتمەندی داوە بۆ  هەڵسەنگاندنی پێداویستیەكانی دانپێدانان بە زانكۆكانی (سۆران، هەڵەبجە، گەرمیان، ڕاپەڕین، زاخۆ، كوردستان/هەولێر) وەك قۆناخی یەكەم".

ڕاگەیەنراوەكە دەڵێت"هەر لە كۆبونەوەكەدا وەفدی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم پێشوازییان لەم بڕیارەی حكومەتی عێراقی كرد و بەهەنگاوێكی گرنگیان دانا بۆ ئاساییكردنەوە و پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردولا، كە ئەم هەنگاوە دەستپێكێكی گرنگە بۆ زیندوكردنەوەی گیانی بەیەكەوە كاركردن و چارەسەركردنی پرسە هەڵواسراوەكان و هاوكاری نێوان هەردولا بۆ خزمەتكردن و بەرەوپێشبردنی كەرتی خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان و عێراق".

لەبارەی كارەكانی لیژنەكانیشەوە رشاگەیەنراوەكە ئەوە دەخاتەڕوو، وابڕیارە لیژنەكانی حكومەتی عیراق لەماوەی ئەم هەفتەیەدا سەردانی زانكۆكان بكەن و دەشڵێت" لەلایەن وەزارەتیشەوە زانكۆكان ڕاسپێردراون بۆ ئەنجامدانی ئامادەكاری و هاوكاریكردنی لێژنە پسپۆرەكان بەمەبەستی خێرا بەڕێوەچوونی ڕێككارە پێویستەكان".


PM:04:41:22/09/2019


ئه‌م بابه‌ته 1576 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو