ساڵح ژاژڵه‌یی: هه‌رچیمان وت به‌ قسه‌مان نه‌كرا بۆیه‌ وازمان هێنا

‌ساڵح ژاژڵه‌یی

وێستگه‌ نیوز ـ
ساڵح ژاژڵه‌یی، جێگری سه‌رۆكی پێشووی جڤاتی گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان باس له‌ هۆكاری ده‌سله‌كاكێشانه‌وه‌ی له‌ پۆسته‌كه‌ی و هه‌روه‌ها ته‌نانه‌ت له‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش ده‌كات، هه‌روه‌ها باسیش له‌ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامانی خانه‌ی راپه‌ڕاندن و جڤاتی گشتی و ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی جڤاتی گشتی بزووتنه‌وه‌كه‌ ده‌كات.


ساڵح ژاژڵه‌یی، له‌ دیدارێكیدا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا، له‌بارەی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی بزوتنەوەی گۆڕانەوە دەڵێت، "خۆی کێشەکە ئەوەیە هێشتا هیچ هەڵبژاردنێک نەکراوە، جڤاتی نیشتمانی ئەندامەکانی زیاتر له‌ چوار ساڵە هەڵبژێردراون، دو سێ ساڵە هەر ماوەی یاساییان تەواو بووە ئەو بەرپرسی مەکۆیانەی کە بەدەنگی خەڵک بونەتە بەرپرسی مەکۆ ئێستا رەنگە ئەو خەڵکانە هەر نەمابن، واتە وازییان هێناوە، دانیشتوون، تۆراون... ئەوانە، ئێستا ئەم خەڵکە کە خۆی بەنوێنەری دەزانێت و نەماون چۆن یاسا رێگەی پێدەدات؟! چۆن مەعقولە گەورەترین دەزگای جێ بەجێکاری (خانه‌ی راپه‌ڕاندن) هەڵبژێریت؟! ئەمە زۆر نایاسایی و نا مەعقولە".

جێگری سه‌رۆكی پێشووی جڤاتی گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئه‌وه‌شی وت: "ئێمە وەک جڤاتی گشتی داوامان کرد وتمان خانەی راپەڕاندینش لە بۆشایی یاسایدایە بۆ ئەوەی کە ئیش و کارەکان نەوەستن ماوەکەیان بۆ درێژ بکەنەوە تا کۆتایی ئەمساڵ کە بڕیارە کۆنفرانس بگیرێت، کە کۆنفرانس گیرا ئەوکاتە با هەڵبژاردن لەخوارەوە دەست پێبکەین بۆ سەرەوە ئەوکاتە جڤاتی نیشتمانی تازە هەڵبژێرێتەوە کە شەرعیەتی زیاترە رۆحی تازە و خەڵکی تازەدێتە پێشەوە با ئەوکاتە ئەو خەڵکانە دەنگ بە خانەی راپەڕاندن بدەن ئەمەیان قبوڵ نەکرد".

ساڵح ژاژڵه‌یی، له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامانی خانه‌ی راپه‌ڕاندن و جڤاتی نیشتمانیه‌وه‌ ده‌شڵێت، "هەر ئەم جڤاتی نیشتمانیەی کەماوەی یاسایی تەواو بووە دێت دەنگ بەخانەی راپەڕاندن دەدات ئەمەش گومانی تێدایە، چونکە بۆ گومانەکە لەچیدایە؟ 20 کەس لە جڤاتی نیشتمانی داوای پۆستیان لە حکومەت کردووە ئێ مانای ئەوەیە ئەو 20 کەسە ئەوانەی دەیانەوێت هەڵبژاردن بکەن چۆنیان دەوێت وادەکەن، چونکە دەکەونه‌ ژێر باری ئەوانەوە ئەڵێت ئەگەر من دەنگی بۆ بدەم بۆ خانەی راپەڕاندن ئەوا دەمکاتە بەرپرس، یا بەڕێوەبەری گشتی و هەر پۆستێک کە دوای کردووە لەبەر ئەوە ئەم دوو شتەیان بەیەکەوە بەستوه‌تەوە کە ئەمە گومانی لەسەرە، ئەمە مەسەلەکەیە".

وتیشی: "بەپێی یاسا جڤاتی نیشتمانی خانەی راپەڕاندن هەڵدەبژێرێت، بەڵام کێشەکە ئەوەیە ماوەی یاسایی جڤاتی نیشتمانی تەواو بووە و شەرعیەتی نەماوە و لەبۆشایی یاسایدایە بۆی نیە و ناتوانێت خانەی راپەڕاندن هەڵبژێرێت".

هه‌روه‌ها ژاژڵەیی ئەوەشی وت، "جڤاتی نیشتمانی خۆی شەرعیەتی نیە ئێ کە شەرعیەتی نیە چۆن دەتوانێت خۆی دەزگایەکی تر هەڵبژێرن؟، جڤاتی گشتی و خانەی راپەڕاندن و جڤاتی نیشتمانی هەموویان لەبۆشایی یاساییدان، بەڵام باشتر وابوو وادە بۆ جڤاتی نیشتمانی و خانەی راپەڕاندنیش درێژبێتەوە تا کۆنفرانس ئەمە گومانی لەسەرە وەک وتم هێشتا پۆستەکانی تری کەبەر گۆڕان کەوتووە له‌ حكومه‌ت پڕنەکراوەتەوە، ئێ با بوەستانایە تا ئەم سێ مانگە خۆ دنیا وێران نابێت هیچ شتێ لەپێشەوە نیە کە بوترێت ئەگەر بزووتنەوەی گۆڕان خانەی راپەڕاندن هەڵنەبژێرێت ئیتر دنیا وێران دەبێت و بزووتنەوەکە لەناو دەچێتەوە".

سەبارەت بەهۆکاری دەسلەکارکێشانەوەی لە بزووتنەوەی گۆران و جێگری سەرۆکی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆران؟ ساڵح ژاژڵەیی وتی: "خۆی هۆکاری سەرەكی ئەوەی کە ئەم حەوت کەسە دەستمان لەکارکێشایەوە ئەوەبوو کە رۆژی 2ی مانگ جڤاتی گشتی کۆبونەوەی کرد داوامان لێکردن لەپێناوی یەکڕیزیدا ئەم هەڵبژاردنە مەکەن و درێژی بکەنەوە بۆ کۆتایی ساڵ، بەڵام رۆژی دواتر جڤاتی نیشتمانی بڕیارەکەیان خستە بواری جێبەجێکردنەوە کە ئەمڕۆ جڤاتی گشتی هەڵبژاردن دەکەن و 14ی مانگیش جڤاتی نیشتمانی، کەواتە کە بەقسەمان ناکەن و هیچ بۆچونێکمان وەرناگرن واتای وایە ئێمە هیچ نین ئەمە!".

ده‌شڵێت: "ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە ئەمەی ئێستا ئەم بڕیارە دەدەین دیارە ئەنجامی کارەکانی لەوەو پێشە چونکە لەوەوپێشیش زۆر جار داوامان کردووە ئاوا بکرێت یا ئاوا بکرێت بەڵام بەقسەیان نەکردوین، واتە ئەمە ئەنجامە من یەک نمونە بهێنمەوە ئێـمە لەجڤاتی نیشتمانی زۆرینەمان یا هیچ نەبێت نیوەمان پێمان باش نەبوو گۆڕان بچێتە ئەم حوکمەتەوە ناڵێین حکومەت خراپە بەڵام کە ئەم بزوتنەوەیە بانگەشەی چاکسازی دەکات ناتوانرێت بە ویستی خۆی بەرنامەی خۆی جێبەجێ بکات، چونکە بەرنامەی حکومەت هەیە، حکومەتیش هی هەموانە، وتمان نەچن باشترە بەڵام دوایی بوو بە ئەمری واقیع و چوونە حکومەت ئیتر خۆ ئێمە ساحێب بڕیار نین".
 
ژاژڵه‌یی ئه‌وه‌شی وتووه‌: "دواتر بڕیارێکی ترمان دا ئەویش یەکەم: وتمان هیچ کەسێک لەخانەی راپەڕاندن خۆی هەڵنەبژێرێت بۆ هیچ پۆستێک، دووەم، وتمان هەرکەس چووە وەفدی دانوستان نابێت خۆی هەڵبژێرێت چونکە مەعقول نیە زەلام خۆی بچێت بۆ دانوستان بەڵام خۆی دابمەزرێنێت، سێیەم: هیچ کەس لەوانەی پۆستی پەرلەمانتاری یا حوکمیان هەبووە کاندید نەکرێن، بەڵام ئەوانەش هیچیان بەقسە نەکردین، ئێ کەواتە من بۆ لەجڤاتێکدا بم کە قسەم نەڕوات و هیچ بەقسەم نەکەن؟! کەواتە من دەچمە دەرەوە".

ساڵح ژاژڵەیی ئەوەشی وت: "قسە و گومانێک هەیە کە بەردەوام باس دەکرێت و ناشاردرێتەوە ئەویش ئەوەیە دەڵێن، کوڕەکانی کاک نەوشیروان لەپشت پەردەوە گۆڕان بەڕێوەدەبەن و دەست وەردەدەنە خانەی راپەڕاندنه‌وە شتەکان دەیانەوێت بەویستی ئەوان بێت، من پێم وایە ئەوان کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا بە ئەندازەی خۆیان کاریگەرییان هەیە و دەست وەردەدەن و خاوەن بڕیارن لە هەندێک شتدا نەک هەموو شتێک، ئەگەر بشیانەوێت کاریگەرییان دەبێت چونکە ئەوانە کوڕێکی پیاوی گەورەن و ئەو خەڵکانە دەناسن لە هەڵبژاردنی ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و جڤاتی نیشتمانیدا، بەڵام زانیاریم نیە ئەگەر هەمبوایە بێگومان ئێستا باسم دەکرد، بەڵام دەڵێن بەخشس دەدەنە خەڵک بۆ دەنگدان بەو کەسانەی ئەوان دەیانەوێت بۆ خانەی راپەڕاندن و جڤاتی نیشتمانی".

سەبارەت بەوەی ئایا بەنیازن پەیوەندی بکەن بەهیچ حزبێکی ترەوە؟ ساڵح ژاژڵەیی وتی: "تا ئێستا نەخێر، نەهیچ حزبێک پەیوەندی پێوەکردوین نە ئێمەش پەیوەندیمان بەهیچ حزبێکی ترەو کردوه‌تەوە یا خۆمان لەناوخۆماندا رێککەوتنمان کردووە بڵێین وەڵا وەرن بابچینە ناو فڵانە حزبەوە، ئێمە کە وازمان هێناوە لەبەر ناڕەزایی ئێستا هەرکەسە و ئازادە خۆی چ بڕیارێک دەدات سیاسەت دەکات یا دەچێتە ناو حزبی ترەوە بۆ خۆم لەداهاتوو با سەیری دۆخەکە بکەم بزانم دۆخ چۆنە؟ رەوتی تازە دروست دەبێت من ئیشی تێدا بکەم لەبەرژەوەندی میللەتەکەمدا بێت؟ بەڵام لێت ناشارمەوە لە ئێستادا ئەم دەقیقەیە هیچ بڕیارێکم نەداوە".

هــ. ر


AM:09:52:12/09/2019


ئه‌م بابه‌ته 2900 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو