مەسرور بارزانی: هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی پێویست بوو بوترێت خستمانه‌ڕوو

‌مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێم

وێستگه‌ نیوز ـ
مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لە كۆبوونەوەكانی ئەمڕۆی شاندی كوردستان لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا گفتوگۆ لەسەر چارەسەری كێشەكان كراوە و هەموو ئه‌و شتانه‌ی پێویست بوو بوترێت خستوویانه‌تەڕوو، هاوكات سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراقیش رایگه‌یاند، گفتوگۆی گرنگ لەبارەی چارەسەری كێشەكان كراوە.


دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، مەسروور بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "دوێنی لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بڕیارماندا سەردانی بەغدا بكەین بۆ پێشاندانی نیاز پاكی بۆ چارەسەری كێشەكان".

وتیشی: "كۆبوونەوەكانی ئەمڕۆ زۆر گرنگ بوون و گفتوگۆ لەسەر چارەسەری كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا كراوە و لە داهاتوو هەنگاوی زیاتر بۆ چارەسەری كێشەكان دەنێین".

راشیگه‌یاند: كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كاندا تێگه‌یشتنی‌ زۆر باش هه‌بوو، ئه‌وه‌ی‌ پێویست بوو له‌لایه‌ن هه‌رێمه‌وه‌ بوترێ ئاماژه‌ی‌ بۆ كراوه‌.


هه‌روه‌ها وتی: "له‌ داهاتوویه‌كی نزیك ده‌ست به‌ گفتوگۆی فه‌نی ده‌كرێت بۆ تاوتوێكردنی ئه‌و بابه‌تانه‌".

هاوكات محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند: سەردانەكەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان زۆر گرنگ بوو، گفتوگۆی گرنگ لەبارەی چارەسەری كێشەكان كراوە.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 16ی ته‌مموزی 2019، شاندی باڵای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم و قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم، گه‌یشتنه‌ به‌غدا و له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆك وه‌زیران و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق كۆبوونه‌وه‌.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كان ئامانج له‌و سه‌ردانه‌ رێككه‌وتنی نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێم و عیراقه‌ له‌سه‌ر كێشه‌كان و دانانی رێوشوێنی ورد و پێویست بۆ چاره‌سه‌ریان.

گرنگترین ئه‌و كێشانه‌ی له‌ نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا هه‌ن بریتین له‌مانه‌ی خواره‌وه‌.

1. پرسی هه‌نارده‌ و به‌ڕێوه‌بردنی كه‌رتی نه‌وت و گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كان و ده‌ركردنی یاسای نه‌وت و غاز.

2. پرسی بودجه‌ و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان.

3. كێشه‌ی كه‌ركووك و ناوچه‌ كوردستانییه‌كان و جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140.

4. بودجه‌ و چه‌ك بۆ پێشمه‌رگه‌ وه‌ك به‌شێك له‌ سیسته‌می به‌رگری عێراق.

5. دروستكردنی ئه‌نجوومه‌نی فیدراڵی.

6. پشكی كورد له‌ سوپا و دامه‌زراوه‌كانی عیراق، راگرتنی ته‌واوفق و ته‌وازن له‌ داموده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت.

هــ. ر


PM:05:25:16/07/2019


ئه‌م بابه‌ته 2676 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو