په‌رله‌مانتارێكی‌ پارتی‌ قسه‌ی په‌رله‌مانتارێكی‌ كۆمه‌ڵ پشتڕاست ده‌كاته‌وه‌


وێستگه‌ نیوز- پشتیوان جه‌مال

په‌رله‌مانتارێكی‌ پارتی‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ عیراق قسه‌ی‌ په‌رله‌مانتارێكی‌ كۆمه‌ڵ پشتڕاست ده‌كاته‌وه‌ كه‌ هۆكارێكی‌ خراپی‌ بودجه‌ی‌ 2018 بۆ "دانه‌نانه‌وه‌ی‌ وه‌زیر و بریكاری‌ وه‌زیری‌ دارایی‌ له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌" ده‌گه‌ڕێَته‌وه‌.

شه‌وی‌ رابردوو زانا رۆستایی‌، په‌رله‌مانتاری‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ عیراق له‌ په‌ڕه‌ی‌ خۆی‌ له‌ تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ فه‌یسبووك نووسیبووی‌ "دانه‌نانه‌وه‌ی‌ وه‌زیر و بریكاری‌ وه‌زیری‌ دارایی‌ له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌ هۆكارێكی‌ خراپی‌ بوودجه‌ی‌ ساڵی‌ 2018یه‌".

له‌و باره‌یه‌وه‌ د.ئه‌رده‌ڵان نوره‌دینی‌، په‌رله‌مانتاری‌ پارتی‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ عیراق به‌ وێستگه‌ نیوزی‌ راگه‌یاند "راسته‌ دانه‌نانه‌وه‌ی‌ وه‌زیر و بریكاری‌ وه‌زیری‌ دارایی‌ عیراق له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌ یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانی‌ خراپی‌ پڕۆژه‌ بودجه‌ی‌ ساڵی‌ 2018ی‌ عیراقه‌، به‌ڵام هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ نییه‌".

ناوبراو روونیكرده‌وه‌، له‌ سه‌ره‌تای‌ 2014ه‌وه‌ ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ لای‌ به‌غدا هه‌بووه‌ كه‌ به‌شه‌ بودجه‌ی‌ كوردستان له‌ 17%ه‌وه‌ بۆ 12% یان 13% كه‌م بكاته‌وه‌، له‌و كاته‌دا كه‌ وه‌زاره‌تی‌ داراییان وه‌رگرتووه‌، وه‌زیری‌ دارایی‌ رێگه‌ی‌ نه‌ده‌دا، هه‌روه‌ها ئه‌و كاته‌ وه‌كو كوردیش قورساییان له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران زۆرتر بووه‌، به‌ڵام له‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ دوێنێی‌ وه‌زیران ته‌نها دوو وه‌زیری‌ كوردی‌ لێ بووه‌ و به‌داخه‌وه‌ نه‌یانتوانیوه‌ ئه‌و فشاره‌ دروست بكه‌ن له‌سه‌ر عه‌بادی‌ بۆئه‌وه‌ی‌ به‌شه‌ بودجه‌ی‌ كوردستان وه‌كو خۆی‌ بهێڵێته‌وه‌.

نوره‌دینی‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد، ئێستا عه‌بادی‌ خۆی‌ وه‌زیری‌ داراییه‌ و پاشان په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ ئێستای‌ كوردستان و عیراقیش هۆكارێكی‌ دیكه‌ی كه‌مبوونه‌وه‌ی‌ به‌شه‌ بودجه‌كه‌یه‌.

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی‌ بۆچی‌ پارتی‌ وه‌زیر و بریكاری‌ وه‌زیری‌ دارایی‌ عیراقی‌ پڕ نه‌كردنه‌وه‌، په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی‌ پارتی‌ وتی‌ "په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ هه‌رێم و به‌غدا كه‌ رۆژ به‌ رۆژ له‌ خراپبووندا بوو وایكرد پارتی‌ پۆسته‌كان پڕنه‌كاته‌وه‌ كه‌ زیاتر له‌ 20 پۆستی‌ سیادی‌ پارتی‌ له‌ به‌غدا به‌تاڵن".

دوێنێ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ عیراق پڕۆژه‌ یاسای‌ بودجه‌ی‌ 2018ی‌ په‌سه‌ند كرد و تیایدا به‌شه‌ بودجه‌ی‌ كوردستان بۆ 12.67% كه‌مكرایه‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ش ناوی‌ (هه‌رێمی‌ كوردستان) له‌ پڕۆژه‌كه‌ لابراوه‌ و نووسراوه‌ پارێزگا كوردییه‌كان.

پێشتر وه‌زیری‌ دارایی‌ عیراق هۆشیار زێباری‌ ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ پارتی‌ بوو، فازیڵ نه‌بی‌ هه‌ر له‌ پشكی‌ پارتی‌ بریكاری‌ وه‌زیری‌ دارایی‌ بوو.


PM:12:06:06/11/2017


ئه‌م بابه‌ته 6787 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو