بڕیارێکی ترەمپ مانەوەی سەدان هەزار گەنج لە ئەمڕیکا دەخاتە مەترسییەوە

‌ترامپ بەردەوامە لەدەركردنی یاسا و رێسا سەیرەكانی

وێستگە نیوز-

سەرۆکی ئەمەریکا بریاری کۆتایهێنانی بە بەرنامەی DACA داوە کە لە چوارچێوەیدا نزیکەی 800 هەزار کەس لە منداڵانی پەنابەران دەپارێزران لە دەرکردن.

دەنگی ئەمریکا بڵاویکردەوە، ترەمپ هەنگاوی ناوە بە ئاڕاستەی کۆتایی‌هێنان بە بەرنامەی DACA، ئەوەی نزیکەی 800 هەزار گەنجی بیانی دەپارێزێت لەوەی بۆ وڵاتەکانیان ڕەوانەبکەنەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا مۆڵەتی 6 مانگی بە کۆنگرێس داوە تاوەکو بڕیاربدات ئایا دەیانەوێت ئەم گەنجانە لە وڵاتەکەدا بمێننەوە یان نا.

جێف سێشینز وەزیری دادی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە وەزارەتی داد بڕیارەکەی ڕاگەیاندووە و وتوویەتی، بەرنامەی DACA کۆتایی‌پـێهات، ئەوەی بە بڕیارێـکی سەرۆکی پـێشوو براک ئۆباما پـێنج ساڵ لەمەوبەر چووە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.

ئەم بەرنامەیە دانرابوو بۆ پاراستنی ئەوانەی لە تەمەنی منداڵیدا لەگەڵ خێزانەکانیان لە وڵاتانی دیکەوە بەشێوەی نایاسایی هاتوون بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.

یاساکە لەو ڕوانگەیەوە دانرابوو ئەم کەسانە تاوانیان نییە بەو پـێـیەی منداڵ بوون کاتێک بە شێوەیەکی نایاسایی هێنراون بۆ ئەمەریکا.

ترەمپ وتوویەتی، ئەو نایەوێت سزای ئەو کەسانە بدات لەسەر ڕەفتاری باوانیان، بەڵام دەبێت ئەو ڕاستیە بزانرێت کە ئەمەریکا وڵاتی یاسایە.

ئەم بڕیارەی ترەمپ ناڕەزایی لێکەوتووەتەوە و کاربەدەستان لە هەردوو ویلایەتی واشنتن و نیویۆرک بڕیاریان داوە سکاڵای یاسایی لە دژی تۆماربکەن.

ئێریک شنایدرمان داواکاری گشتی نیویۆرک لەم بارەیەوە ڕایگەیاندووە، ئەمە بڕیارێـکی توندی بێ پاساوە، وە وێرانکەر دەبێت بۆ دەیان هەزار کەسی دانیشتووی نیویۆرک. گوتیشی سکاڵایەک تۆمار دەکات تاوەکو پارێزگاری لەو گەنجانە بکات.

داسا سیاسەتێکی کۆچبەری ئەمریکایە کە لە ساڵی 2012دا لەلایەن باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووی ئەمریکاوە دامەزراوە، داسا ئەو کۆچبەرە ناساییانەی کاتێک منداڵ بوون و چوونەتە ئەمریکا لە دیپۆرتکردنەوە دەپارێزێت و مۆڵەتی کارکردنیشیان پێدەدات.


AM:09:09:06/09/2017


ئه‌م بابه‌ته 2496 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو