"فه‌رمانی سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ راسپاردنی لایه‌نێك بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت ده‌رچوو"


وێستگه‌نیوز-
وته‌بێژی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگه‌یاند كه‌ فه‌رمانی سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ ڕاسپاردنی لایه‌نێك به‌مه‌به‌ستی پێكهێنانی حكومه‌ت ده‌رچووه‌، ده‌شڵێت: "یه‌كێتی شاندی خۆی هه‌یه‌ و ئه‌و شانده‌ له‌ رێگه‌ی كه‌ناڵه‌كانی خۆیه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ هه‌مو لایه‌نه‌كانه‌وه‌ كردووه‌".


ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌، وته‌بێژی یه‌كێتیی له‌ لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌نووسان وتی‌: "له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن، گفتوگۆ له‌نێوان لایه‌نه‌كان بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت ده‌ستپێده‌كات".

وتیشی‌: "فه‌رمانی سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ ڕاسپاردنی لایه‌نێك به‌مه‌به‌ستی پێكهێنانی حكومه‌ت ده‌رچووه‌"، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ ناوی‌ ئه‌و لایه‌نه‌ ئاشكرا بكات.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، یه‌كێتی شاندی خۆی هه‌یه‌ و ئه‌و شانده‌ له‌ رێگه‌ی كه‌ناڵه‌كانی خۆیه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ هه‌مو لایه‌نه‌كانه‌وه‌ كردووه‌ و گفتوگۆ و ڕا گۆڕینه‌وه‌ هه‌بووه‌، به‌ڵام وه‌كو گفتوگۆی فه‌رمی له‌سه‌ر دامه‌زراندنی حكومه‌ت هێشتا لای یه‌كێتییه‌وه‌ ده‌ستی پێنه‌كردوه‌ و له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا ده‌ستپێده‌كات.

له‌باره‌ی دابه‌شكردنی پۆسته‌كان، سه‌عدی پیره‌ باسی‌ له‌وه‌ كرد كه‌ "به‌ گفتوگۆ و لێكتێگه‌یشتن ده‌گه‌ینه‌ ئه‌نجام، زۆرجار گوێمان لێده‌بێت كه‌ پێموایه‌ بۆ ئیمتیحان و تێستكردنه‌، به‌رپرس هه‌یه‌ ساڵێكه‌ قسه‌ی نه‌كردووه‌ به‌ڵام كه‌ قسه‌ ده‌كات نه‌یكردایه‌ باشتربوو، دابه‌شكردنی پۆسته‌كان له‌ رێگه‌ی كه‌ناڵی میدیاكانه‌وه‌ نابێت، له‌ رێگه‌ی گفتوگۆی چڕ ده‌بێت له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌ڵبژاردن، ئه‌وه‌ی هه‌ندێك كه‌س ده‌یكه‌ن كه‌ فڵان پۆست بۆ فڵان لایه‌نه‌، زیاده‌ و بێمانان و ته‌نها بۆ تێكدانن".


PM:12:13:09/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 2188 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت