فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ به‌دواداچوون بۆ قوربانیانی په‌نابه‌ران له‌ كه‌ناراوه‌كانی ئیتاڵیا ده‌كات


وێستگه‌نیوز-

فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان رایگه‌یاند كه‌ له‌سه‌ر راسپارده‌ی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت، له‌نزیكه‌وه‌ به‌دواداچوون بۆ به‌هاناچوونی قوربانیانی به‌له‌می په‌نابه‌ران له‌ كه‌ناراوه‌كانی ئیتاڵیا ده‌كات.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 18ی‌ حوزه‌یرانی‌ 2024 فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ "به‌داخه‌وه‌ له‌ دوو رۆژی رابردوودا هه‌واڵی نغرۆبوونی به‌له‌مێكی گواستنه‌وه‌ی كۆچبه‌ران له‌ كه‌ناراوه‌كانی وڵاتی ئیتاڵیا بڵاوبووه‌وه‌".

فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ ده‌ڵێت: "له‌نێو به‌له‌مه‌كه‌ ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی هه‌رێمی كوردستان هه‌بوون، كه‌ تا ئێستا ژماره‌یه‌كیان رزگار كراون و چاره‌نووسی ژماره‌یه‌كیشیان دیار نییه‌".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌داوه‌ كه‌ "فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم وێڕای ده‌ربڕینی هاوخه‌می قووڵی خۆی بۆ ئه‌م رووداوه‌ نه‌خوازراوه‌، له‌سه‌ر راسپارده‌ی به‌ڕێز مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندداره‌كان له‌ حكومه‌تی هه‌رێم و هاوكات له‌ رێگه‌ی نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ ئیتاڵیا له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌كانی ئیتاڵیا له‌په‌یوه‌ندی دایه‌، وێرای پێكهێنانی ژوورێكی ئۆپه‌راسیۆن بۆ ئه‌وه‌ی له‌نزیكه‌وه‌ چاودێری دۆخه‌كه‌ بكات و به‌دواداچوون بكات تا هه‌رچی پێویسته‌ بۆ قوربانیانی ئه‌نجام بدات".

ئه‌وه‌شی‌ خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ "ئه‌مڕۆ ژماره‌یه‌ك له‌ كه‌سوكاری قوربانیانی ئه‌م رووداوه‌ په‌یوه‌ندیان به‌ فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ كرد و داوای هاوكاری و به‌دواداچوونیان كرد".

فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌ت راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ "ئێمه‌ به‌ ئه‌ركی خۆمانی ده‌زانین به‌ هانای هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان بچین له‌ هه‌ر كوێیه‌كی دونیا بن. دووباره‌ هاوخه‌می خۆمان بۆ ئه‌م رووداوه‌ دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌".

ئه‌مه‌ش دوای‌ ئه‌وه‌ دێت كه‌ رۆژی‌ پێشتر ره‌نج پشده‌ری، ڕۆژنامه‌نووس و چالاكوانی كاروباری په‌نابه‌ران ئاشكرایكرد كه‌ به‌له‌مێكی‌ كۆچبه‌ران كه‌ له‌شاری‌ بۆدڕومی‌ توركیاوه‌ به‌ڕێكه‌وتووه‌، له‌ نزیك كه‌ناراوه‌كانی‌ ئیتاڵیا ژێرئاو كه‌وتووه‌.

به‌ گوێره‌ی قسه‌كانی پشده‌ری، 70 كه‌س له‌ناو به‌له‌مه‌كه‌ بوون كه‌ 35 كه‌سیان كوردن و ته‌نها 10 كه‌سیان رزگاركراون و براون بۆ نه‌خۆشخانه‌.


PM:11:04:18/06/2024


ئه‌م بابه‌ته 408 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو