گه‌ڕی دووه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان له 40 شاری ئێران و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چێت
وێستگه‌نیوز-
ئه‌مڕۆ هه‌ینی له 40 شاری ئێران و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، له‌نێویاندا بازنه‌كانی كرماشان و خوڕه‌مئاوا، گه‌ڕی دووه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی ئێران ده‌ستیپێكرد.
به‌یانی ئه‌مڕۆ هه‌ینی بنكه‌كانی هه‌ڵبژاردن به رووی ده‌نگده‌راندا كرانه‌وه و ده‌نگدان بۆ گه‌ڕی دووه‌می 12ـه‌مین خولی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی ئێران ده‌ستپێكرد.
عه‌لی خامنه‌یی، رێبه‌ری كۆماری ئیسلامی ئێران له یه‌كه‌مین ساته‌كانی ده‌ستپێكردنی ده‌نگدان، له بنكه‌ی ده‌نگدانی حوسه‌ینییه‌ی ئیمام خومه‌ینی له تاران ئاماده بوو و ده‌نگی دا.
دوای ده‌نگدان خامنه‌یی داوای له خه‌ڵكی ئێران كرد بڕۆنه سه‌ر سندووقه‌كانی ده‌نگدان و ده‌نگ بده‌ن.
خامنه‌یی ئاماژه به‌وه كرد، گه‌ڕی دووه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان هێنده‌ی گه‌ڕی یه‌كه‌می گرنگه و وتی: "تاوه‌كو ده‌نگه‌كان زیاتر بن، په‌رله‌مان به‌هێزتر ده‌بێت، په‌رله‌مان به‌هێزتر بێت، ده‌رفه‌تی كاركردن له وڵات‌دا زیاتر ده‌بێت".
له گه‌ڕی دووه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی ئێران‌دا، كه له 22 بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن و 40 شار به‌ڕێوه‌ده‌چێت، چاره‌نووسی 45 كورسی په‌رله‌مان یه‌كلایی ده‌بێته‌وه.
له گه‌ڕی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی ئێران‌دا كه له 10-03-2024 به‌ڕێوه‌چوو، له كۆی 290 كورسیی په‌رله‌مان چاره‌نووسی 245 كورسی یه‌كلایی ببووه‌وه.
له‌م گه‌ڕه‌ی دووه‌مدا، 90 به‌ربژێر كێبڕكێ له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی 45 كورسیی په‌رله‌مانی ئێران ده‌كه‌ن.
به‌پێی یاسا له هه‌ر بازنه‌یه‌ك ئه‌و كه‌سانه‌ی له گه‌ڕی یه‌كه‌مدا زیاترین ده‌نگیان به‌ده‌ستهێناوه، ركابه‌ری له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی كورسییه‌كه ده‌كه‌ن.
له‌و 22 بازنه‌یه‌ی كه گه‌ڕی دووه‌می هه‌ڵبژاردن تێدا به‌ڕێوه‌ده‌چێت، دوو بازنه‌یان له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و ناوه‌ندی پارێزگاكانی كرماشان و لوڕستانن. له‌و دوو بازنه‌یه 8 به‌ربژێر كێبڕكێ له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی چوار كورسییه‌كه ده‌كه‌ن، دوو كورسی له بازنه‌ی كرماشان و دوو كورسی له بازنه‌ی خوڕه‌مئاوا.
PM:12:46:10/05/2024
ئه‌م بابه‌ته 432
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت