مونا قه‌هوه‌چی: به‌بێ كۆتا ناتوانین كورسی به‌ده‌ستبهێنین
مونا قه‌هوه‌چی
وێستگه‌نیوز-
جێگری سه‌رۆكی پارتی چاكسازی توركمان دانی نا به‌وه‌ی به‌بێ كۆتا ناتوانین هیچ كورسییه‌ك له په‌رله‌مانی كوردستان به‌ده‌ستبهێنن، گه‌شبینی خۆیشی به سكاڵاكه‌ی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم له دادگه‌ی باڵای فیدراڵی ده‌ربڕی و پێیوایه كه كورسیی كۆتاكان ده‌گه‌ڕێته‌وه.
مونا قه‌هوه‌چی، جێگری سه‌رۆكی پارتی چاكسازیی توركمان و سكرتێری پێشووی په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند كه گه‌شبینه به‌و سكاڵایه‌ی له‌لایه‌ن سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له دژی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و نه‌مانی كورسی كۆتا پێشكه‌ش كراوه.
مونا قه‌هوه‌چی بۆ رووداو ده‌ڵێت: "ئه‌م سكاڵایه راستییه‌كان بۆ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار ئاشكرا ده‌كات كه دادگه‌ی فیدراڵییه و له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م سكاڵایه، دادگه‌ی باڵای فیدراڵی بڕیاری راگرتنی كاره‌كانی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ده‌ركرد".
وتیشی: "تاوه‌كو ئێستا نازاندرێت له ئه‌گه‌ری گه‌ڕاندنه‌وه‌ی كورسی كۆتاكاندا ژماره‌كه چه‌ند ده‌بێت هیچ شتێك روون نییه. چاومان له‌وه‌یه كورسییه‌كانمان بۆ بگه‌ڕێته‌وه و له یه‌ك بازنه بێت، نه‌ك چوار بازنه".
مونا قه‌هوه‌چی پێداگره له‌وه‌ی كه پێنج كورسی كۆتا بۆ توركمان به یاسا پێیاندراوه و ده‌شڵێت: "هه‌وڵمان ده‌دا له هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردنی كوردستاندا ژماره‌ی كورسییه‌كانی توركمان زیاتر بێت نه‌ك كه‌متر. ژماره‌ی توركمان رۆژ له دوای رۆژ له زیادبوونه".
باسی له‌وه‌شكرد كه "هه‌رچه‌نده ئامارێكی وردمان نییه و ناتوانم به‌بێ به‌ڵگه‌یه‌كی دروست باس له ژماره بكه‌م. له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان زۆرترین توركمان له هه‌ولێر ده‌ژین. پێنج كورسی كۆتا مافی خۆمانه. ناكرێ به‌بێ پێكهاته‌كان هه‌ڵبژاردن بكرێت".
قه‌هوه‌چی گله‌یی له ئاستی كه‌می نوێنه‌رایه‌تیی توركمان ده‌كات و ده‌شڵێت: "تاوه‌كو ئێستا توركمان به‌شدارییه‌كی كارایان پێنه‌كراوه له‌سه‌ر ئاستی سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان. ناكرێت توركمان به یه‌ك وه‌زیر و پێنج په‌رله‌مان نوێنه‌رایه‌تی بكرێت. ئه‌گه‌ر ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه‌مان پێبدرایه ئه‌وكات به‌بێ كۆتا به‌شداریمان له هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كرد".
قه‌هوه‌چی به مافی توركمانه‌كانی ده‌زانێت له عێراقیش كورسی كۆتایان هه‌بێت و ده‌ڵێت: "دوای چاره‌كردنی كێشه‌ی كۆتای توركمان له هه‌رێمی كوردستان، داوا له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌كه‌ین كورسی كۆتا بۆ توركمانیش دیاری بكات. چه‌ندین هه‌ڵبژاردن بۆ په‌رله‌مانی عێراق كراوه، هیچ نوێنه‌رێكی توركمان له هه‌رێمی كوردستان ده‌نگی پێویستی به‌ده‌ستنه‌هێناوه بۆ ئه‌وه‌ی بگاته ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق".
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه ده‌ڵێن مونا نوێنه‌رایه‌تی پارتی ده‌كات، ده‌ڵێت كه "به‌شانازییه‌وه هاوپه‌یمانی پارتی دیموكراتی كوردستان‌م به‌هۆی ئه‌وه‌ی رێز له پێكهاته‌كه‌م ده‌گرن. ئه‌گه‌ر هه‌نگاوه‌كانی مونا قه‌هوه‌چی بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، بۆ پاراستنی قه‌واره‌ی هه‌رێم، پاڵپشتیكردنی مافی پێشمه‌رگه و پیرۆزییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به پاشكۆ بوون ده‌زانن، هیچ كێشه‌م نییه چۆن لێكدانه‌وه‌ی بۆ ده‌كه‌ن".
تۆمه‌ته‌كانی یه‌كێتیش به‌بێ بنه‌ما ده‌زانێت و ده‌شڵێت بۆ كۆكردنه‌وه‌ی لایك و كۆمێنته: "با ئه‌و لایه‌نه‌ی هه‌ڕه‌شه‌یه بۆ سه‌ر پێكهاته‌كان (یه‌كێتیی) به‌ڵگه‌یان هه‌یه 11 كورسیی كۆتاكان ته‌نیا بۆ به‌رژه‌وه‌ندی پارتی كارده‌كه‌ن با به‌ڵگه‌كانیان بخه‌نه‌ڕوو. هه‌موو چه‌واشه‌كارییه و ته‌نیا بۆ رازیكردنی جه‌ماوه‌ر و كۆكردنه‌وه‌ی لایك و كۆمێنته. به‌ڵام پارتی هیچ هه‌نگاوێكی له دژی پێكهاته‌ی توركمان نه‌ناوه تاوه‌كو ئێمه‌ش دژایه‌تی بكه‌ین. له‌سه‌ر هیچ خاڵێكیش ناكۆكیمان نه‌بووه" .
راشیگه‌یاند كه "خۆم له هه‌موو كه‌سێك به دڵسۆزتر ده‌زانم بۆ پاراستنی ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان، پێچه‌وانه‌ی به‌شێك له حیزبه‌كان كار بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تی خۆیان ده‌كه‌ن. له 2014ـه‌وه بودجه‌ی حزبه‌كه‌مان راگیراوه و خۆمان حزبه‌كه‌مان به‌ڕێوه‌ده‌به‌ین و كه‌س پاره‌ی پێنه‌داوین".
AM:10:12:10/05/2024
ئه‌م بابه‌ته 1192
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت