چوار فراكسیۆنی كوردستانی‌: ناكرێت هه‌ڵبژاردن به‌ ویستی تاكه‌ حزبێك دوابخرێت


وێستگه‌نیوز-
چوار فراكسیۆنی كوردستانی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌ دژی هه‌وڵه‌كانی دواخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان هاتنه‌ ده‌نگ و رایده‌گه‌یه‌نن كه‌ "هه‌ر دواخستنێكی هه‌ڵبژاردن به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یه‌كی روونه‌ له‌دژی یاسا و ده‌ستوور و دیموكراسی".


ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 30ی‌ نیسانی‌ 2024 فراكسیۆنه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان، كۆمه‌ڵی دادگه‌ری كوردستان و نه‌وه‌ی نوێ له‌ دژی هه‌ر هه‌وڵێك بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ بڕیاره‌ له‌ رۆژی 10ی 6ی 2024 ئه‌نجام بدرێت راگه‌یه‌ندراوێكیان بڵاوكرده‌وه‌.

ئه‌و چوار فراكسیۆنه‌ جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ "هه‌ڵبژاردن مافێكی یاسایی و ده‌ستووری و دیموكراسی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانه‌ و ناكرێت به‌ ویستی تاكه‌ حزبێك دوابخرێت".

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ "هیچ بیانوویه‌ك بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمی كوردستان نییه‌ و كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراقیش به‌رده‌وامه‌ له‌ ئاماده‌كارییه‌كانی بۆ هه‌ڵبژاردن، له‌كاتێكدا واده‌ی هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن سه‌رۆكی هه‌رێمه‌وه‌ مه‌رسومی بۆده‌ركراوه‌ و دادگای فیدراڵیش پشتیوانی هه‌ڵبژاردن له‌و واده‌یه‌دا ده‌كات".

چوار فراكسیۆنه‌كه‌ داوا له‌ ده‌سه‌ڵاته‌ فیدراڵییه‌كانی (ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، دادگای فیدراڵی، كۆمسیۆن) ده‌كه‌ن دژی هه‌ر هه‌وڵێك كه‌ بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردن ده‌درێت بوه‌ستنه‌وه‌ و زامنی هه‌ڵبژاردن بكه‌ن له‌ واده‌ی دیاریكراوی خۆیدا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هیچ هۆكارێك نییه‌ بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردن.

تا ئێستا نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان چوار جار مه‌رسومی بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ركردووه‌ و فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كانیش داواده‌كه‌ن رێز له‌ مه‌رسومه‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم بگیرێت.



PM:07:28:30/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 1356 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت