وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا: هێرشه‌كه‌ی كۆرومۆر بەزاندنی سەروەریی عێراقە


وێستگه‌نیوزـ

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی هێرشکردنە سەر کۆرمۆر رایگەیاند، سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر ژێرخانی مەدەنی و ئابووری لە هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت، "هێرشی لەم جۆرە بەزاندنی سەروەریی عێراقە".


وه‌زاره‌ته‌كه‌ لە راگەیەندراوەکە دەڵێت: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە توندی ئیدانەی هێرشی سەر ژێرخانی وزەی هەرێمی کوردستانی دەکات. هێرشی لەم جۆرە پێشێلکردنی سەروەریی خاکی عێراقه‌، هەر بۆیە هانی دەسەڵاتداران دەدەین لێکۆڵینەوە بکەن و هێرشەکەرەکان رووبەڕووی یاسا و دادگا بکەنەوە".

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانیانی هێرشەکە دەکات و هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازێت.

هاوكات جەختیش لە هەڵوێستی ئەمریکا دەکاتەوە کە بەردەوام دەبێت لە کاری هاوبەش لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم بۆ ئاسایش و سەقامگیری و سەروەریی عێراق و هەرێمی کوردستان.

ئێوارەی رۆژی هەینی 26ـی نیسانی 2024، بە درۆن هێرشکرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرومۆر لە شارەدێی قادر کەرەمی سەر بە شارۆچکەی چەمچەماڵ، بەهۆیەوە چوار کارمەند کوژران کە خەڵکی یەمەنن بە ناوەکانی:

- عەلی عەبود ئەحمەد لەدایکبووی 1978.

- یوسف یاسر حەموود لەدایکبووی 1986.

- عیسام محەمەد ئەحمەد لەدایکبووی 1983.

 عەوەز عەبدە عەلی لەدایکبووی 1986 .

هەر دوای هێرشەکە، هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم رایانگەیاند، بەهۆی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر کێلگەی کۆرمۆر، ناردنی غاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی کارەبا راگیراوە و بەهۆیەوە نزیکەی 2500 مێگاوات کارەبا کەم بووەتەوە.


AM:08:49:27/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 408 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت