وته‌بێژی پارتی: هه‌ڵوێستمان ده‌رباره‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان نه‌گۆڕاوه‌

‌مه‌حمود محه‌مه‌د، وته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان

وێستگه‌نیوز-
وته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند كه‌ هه‌ڵوێستیان ده‌رباره‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان نه‌گۆڕاوه‌.


ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 24ی‌ نیسانی‌ 2024 مه‌حمود محه‌مه‌د، وته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ لێدوانێكدا وتی‌: "وه‌ك پارتی له‌گه‌ڵ سیسته‌می هه‌ڵبژاردن و ڕێگریی له‌ به‌شداریی پێكهاته‌كان كۆك نه‌بووین.

وته‌بێژه‌كه‌ی پارتی وتیشی‌: "هه‌ڵوێسته‌كانمان ده‌رباره‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، نه‌گۆڕاوه‌".

ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان رۆژی‌ 10ی‌ حوزه‌یرانی‌ داهاتووی‌ وه‌ك واده‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان دیاریكردووه‌ و كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ عێراقیش له‌ ئاماده‌كارییه‌كانی‌ بۆ ئه‌نجامدانی‌ پرۆسه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌.

ڕۆژی 18ی ئاداری 2024 مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا وتی‌: "به‌ به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌ل و نیشتمانه‌كه‌مانی ده‌زانین كه‌ پارتیمان نه‌چێته‌ ژێرباری په‌سه‌ندكردنی بڕیاری ناده‌ستووری و سیسته‌مێكی سه‌پێنراو له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی گه‌لی هه‌رێمی كوردستان و دامه‌زراوه‌ ده‌ستوورییه‌كانی و به‌شداریی هه‌ڵبژاردنێك نه‌كات كه‌ به‌ نایاسایی و ناده‌ستووری و له‌سایه‌ی سیسته‌میكی سه‌پێنراودا به‌ڕێوه‌ بچێت".

ئه‌و راگه‌یه‌ندراوه‌ی‌ پارتی‌ دوای‌ بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی عێراق هات له‌ ڕۆژی 21ی شوباتی 2024 كه‌ بڕیاری دا، بۆ خولی شه‌شه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان؛ هه‌رێمی كوردستان به‌سه‌ر چوار بازنه‌ی هه‌ڵبژاردندا دابه‌ش بكرێت و ژماره‌ی كورسیی كۆتاكان كه‌ 11 كورسین، هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌، به‌و پێیه‌ش كۆی ژماره‌ی كورسییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ 111 كورسییه‌وه‌ بۆ 100 كورسی كه‌م ده‌بنه‌وه‌.


PM:05:40:24/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 956 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت