مه‌سرور بارزانی‌ ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانی راسپارد كه‌ به‌دواداچوون بۆ ئاگره‌كه‌ی‌ هه‌ولێر بكه‌ن


وێستگه‌نیوز-
سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ ئه‌مریكاوه‌ پارێزگاری‌ هه‌ولێر و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانی ڕاسپارد كه‌ به‌دواداچوون بۆ هۆكاره‌كانی ڕوودانی ئاگره‌كه‌ی‌ بازاڕی‌ له‌نگه‌ی‌ شاره‌كه‌ بكه‌ن.


حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ "ئه‌مشه‌و سێشه‌ممه‌ 27ی‌ شوباتی‌ 2024 مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بۆ به‌دواداچوونی ڕووداوی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ی بازاڕی له‌نگه‌ی هه‌ولێر، له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا،  ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانی ڕاسپارد كه‌ به‌دواداچوون و لێكۆڵینه‌وه‌ی ورد بۆ هۆكاره‌كانی ڕوودانی ئاگره‌كه‌ بكه‌ن".

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو كه‌ "سه‌رۆكی حكومه‌ت ده‌ستخۆشی له‌ تیمه‌كانی ئاگركوژێنه‌وه‌ و پۆلیس  و ئاسایش و هاتووچۆ و  ته‌ندروستی و شاره‌وانی كرد بۆ زوو گه‌یشتن به‌ شوێنی ڕووداوه‌كه‌ و هه‌وڵه‌كانیان له‌ پێناو كۆنترۆڵكردنه‌ ئاگره‌كه‌ و به‌هاناوه‌چوونی زیانلێكه‌وتووان".

مه‌سرور بارزانی‌ ئاماده‌یی حكومه‌تیشی ده‌ربڕی بۆ هاوكاریكردنی زیانلێكه‌وتووان و ده‌زگاكانی حكومه‌تیشی ڕاسپارد كه‌ هه‌رجی پێویست بێت له‌مباره‌یه‌وه‌ ئه‌نجامی بده‌ن.

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ ئێواره‌ی‌ ئه‌مڕۆ ئاگرێكی‌ گه‌وره‌ له‌ بازاڕی‌ له‌نگه‌ی‌ هه‌ولێر كه‌وته‌وه‌ و به‌وته‌ی‌ ئومێد خۆشناو پارێزگاری‌ شاره‌كه‌، ژماره‌یه‌ك دوكانی‌ زۆر سووتاون و 20 كه‌سیش ره‌وانه‌ی‌ نه‌خۆشخانه‌ كراون.





AM:12:00:28/02/2024


ئه‌م بابه‌ته 1016 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت