وه‌زاره‌تی دارایی عێراق: هیچ سیستمێكی ئه‌لیكترۆنی وه‌زاره‌ته‌كه‌ هاك نه‌كراوه‌


وێستگه‌نیوز-
وه‌زاره‌تی دارایی عێراق ره‌تی كرده‌وه‌ هیچ سیستمێكی ئه‌لیكترۆنی وه‌زاره‌ته‌كه‌ هاككرابێت و جه‌ختی‌ له‌وه‌كرده‌وه‌ كه‌ سه‌رجه‌م سیستمه‌كانی وه‌زاره‌تی دارایی ئامڕازی ئه‌منی ئه‌لیكترۆنی تۆكمه‌ی بۆ ته‌رخانكراوه‌.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 18ی‌ ئه‌یلولی‌ 2023 وه‌زاره‌تی دارایی عێراق راگه‌یه‌نراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و تیایدا رایگه‌یاندووه‌ كه‌ "چه‌ند هه‌واڵێك له‌ باره‌ی هاككردنی سیستمی ئه‌لیكترۆنی وه‌زاره‌تی داراییه‌وه‌ بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، سه‌رجه‌م ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌".

وه‌زاره‌ته‌كه‌ ده‌ڵێت: "هه‌مو سیستمه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كانی وه‌زاره‌تی دارایی به‌ شێوه‌یه‌كی ئاسایی كارده‌كات، هه‌مو سیستمێكی ئه‌منی پێشكه‌وتووی دژه‌ هاككردن بۆ وه‌زاره‌تی دارایی ته‌رخانكراوه‌".

وه‌زاره‌ته‌كه‌ داواش له‌ میدیاكان ده‌كات كه‌ "خۆیان به‌ دووربگرن له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی ده‌نگۆ و قسه‌ڵۆك، ته‌نها هه‌واڵ و زانیاری له‌ لایه‌ن و پێگه‌ و كه‌سایه‌تییه‌ فه‌رمییه‌كان وه‌ربگرن، بۆ ئه‌وه‌ی رای گشتی نه‌وروژێنرێت".

بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و روونكردنه‌وه‌یه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ چه‌ند ده‌نگۆیه‌ك له‌ باره‌ی بوونی كێشه‌ و هاككردنی سیستمی ئه‌لیكترۆنی وه‌زاره‌تی دارایی عێراق بڵاوكرانه‌وه‌.



PM:06:34:18/09/2023


ئه‌م بابه‌ته 2312 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو