ئێران سێ هاوڵاتی ئەوروپی بەرامبەر دیپلۆماتکارێکی وڵاتەکەی ئازاد دەکات


وێستگەنیوز_

دوای ئەوەی ئێران هاوڵاتییەکی دانیمارکی و دوو هاوڵاتی نەمسایی بەڕەچەڵەک ئێرانی ئازاد کرد، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، گەیشتنە بەلجیکا و لەلایەن وەزیری دەرەوەی بەلجیکا، حاجە لەحبیب و دیپلۆماتکارانی دانیمارکی و نەمسایی پێشوازییان لێکرا.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی فرانس پرێس، ئەو سێ کەسە بە فڕۆکەیەکی بچووک کە لە مەسقەتی پایتەختی عومانەوە بەرێکەوتووە گەراونەتەوە و لە فڕۆکەخانەی سەربازی میڵسبروک لە برۆکسل پێشوازییان لێکراوە.

لەو بارەوە، وتەبێژی حکومەتی بەلجیکا رایگەیاند کە ئێران سێ ئەوروپی دیکەی لە بەرامبەر ئەسەدوڵڵا ئەسەدی دیپلۆماتکاری ئێرانی ئازاد کردووە، ئەمەش لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئاڵوگۆڕی دیل لە نێوان ئێران و بەلجیکا کە هەفتەی رابردوو ئۆلیڤیێر ڤاندکاستێلی بەلجیکی، کرێکاری فریاگوزاری ئازاد کرا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو بابەتە پەیوەندی بە دوو کەسەوە هەیە کە خاوەنی دوو رەگەزنامەن، نەمسایی و ئێرانی، جگە لە کەسێکی دانیمارکی.

پێشتر ئەلێکساندەر دی کرۆ، سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا لە راگەیەندراوێکدا وتی، "ئێستا بەلجیکا ئۆپەراسیۆنی گواستنەوەکە لە رێگەی سەڵتەنەی عومانەوە رێکدەخات".

ئەسەدی لە ساڵی 2021، لە بەلجیکا بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ تەقاندنەوەی بۆمبێک لە فەرەنسا سزای 20 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا، ئێرانیش وتی: تۆمەتەکەی هەڵبەستراو بووە.

حکومەتی بەلجیکا رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی ئێران لە مانگی 11ـی ساڵی رابردوودا ئەو دانیمارکییەیان لە پەیوەندی لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی پەیوەست بە مافەکانی ژنان لەوێ دەستگیرکردووە.

وەزارەتی دەرەوەی نەمسا لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، هەریەک لە کامەران قادری دوای 2709 رۆژ و مەسعود موساحێب دوای 1586 رۆژ لە زیندان ئازاد کراون.

موساحێب و قادری بە تۆمەتی سیخوڕیی 10 ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێندرا، موساحێب هاوسەرۆکی کۆمەڵەی دۆستایەتی ئێران و نەمسایە، قادریش بازرگانە.


PM:01:00:03/06/2023


ئه‌م بابه‌ته 1424 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو