جارێكی تر بارزانی داوا له‌لایه‌نه‌كان ده‌كات ناكۆكییه‌كان تێپه‌ڕێنن
وێستگه نیوز-
سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان جارێكی تر داوا له‌لایه‌نه‌كان ده‌كات ناكۆكییه‌كان تێپه‌ڕێنن و رایگه‌یاند كه هیوادارە "لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان بتوانن ناكۆكییه سیاسییه‌كانیان تێبپه‌ڕێنن به رۆحێكی نیشتیمانپه‌روه‌رانه و برایانه گرفته‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن".
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 25ی ئایاری 2023، له ده‌ڤه‌ری باڵه‌كایه‌تی ئاهه‌نگێكی جه‌ماوه‌ری به بۆنه‌ی چل و حه‌فته‌مین ساڵیادی هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان به‌ڕێوه‌چوو کە تیایدا وتارێكی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌بۆنه‌یه‌وه خوێندرایه‌وه.
له وتاره‌كه‌یدا مه‌سعود بارزانی داوا ده‌كات لایه‌نه سیاسییه‌كان كۆتایی به ناكۆكییه‌كانیان بهێنن و ده‌ڵێت: "به‌رژه‌وه‌ندیی كوردستان له‌سه‌رووی هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی تره".
ئه‌مه‌ش ده‌قی وتاره‌كه‌یه‌تی:
به‌ناوی خودای به‌خشنده‌ی میهره‌بان
جه‌ماوه‌ری خۆشه‌ویستی ده‌ڤه‌ری باڵه‌كایه‌تی
ئاماده‌بوانی ئازیز
ئه‌م كاته و هه‌موو كاتێكتان باش
به بۆنه‌ی چل و حه‌فته‌مین ساڵیادی ده‌ستپێكردنی شۆڕشی گوڵان پیرۆزبایی له گه‌لی كوردستان و هه‌موو ئه‌و قاره‌مان و پێشمه‌رگه و تێكۆشه‌رانه ده‌كه‌م كه ڕۆڵیان له شۆڕشی گوڵاندا هه‌بووه. پێزانینم بۆ فیداكاری و خۆڕاگریی گه‌لی كوردستان هه‌یه كه له قۆناغێكی هه‌ستیاردا پاڵپشتی شۆڕشی گوڵان و پێشمه‌رگه بوون.
كردنه‌وه‌ی ئه‌و یاده لێره‌دا مانای تایبه‌تی خۆی هه‌یه، ناوچه‌ی باڵه‌كایه‌تی ناوچه‌یه‌كی خودان شه‌هیده كه له‌پێناو شۆڕشدا قوربانییه‌كی زۆری داوه، هه‌میشه له‌ژێر گوشاری شه‌ڕ و بوردومانی دوژمن بووه و به هه‌زاران پێشمه‌رگه و ئاواره‌ی حه‌واندۆته‌وه و قه‌ڵا و سه‌نگه‌ری سه‌ركردایه‌تیی شۆڕش بووه. هه‌روه‌ها ناوچه‌ی باڵه‌كایه‌تی له شۆڕشی گوڵانیشدا خاڵی ده‌ستپێكی شۆڕش و قوربانیدانی گه‌لی كوردستان بووه. یه‌كه‌م شه‌هیدی شۆڕشی گوڵانیش، شه‌هید سه‌ید عه‌بدوڵڵا بوو كه ڕۆڵه‌ی ئه‌و ناوچه سه‌ربه‌رزه‌ی كوردستانه. ئێمه به هه‌موو شێوه‌یه‌ك قه‌رزاری خه‌ڵكی تێكۆشه‌ری ناوچه‌ی باڵه‌كایه‌تین.
سوپاس بۆ خۆڕاگریتان....
سوپاس بۆ قاره‌مانێتیان.
شۆڕشی گوڵان قۆناغێكی هه‌ره گرنگی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كوردستانه و هه‌ڵگری ئه‌و په‌یامه بوو كه سه‌رباری بوونی پیلانگێڕی و هه‌ڕه‌شه و به‌هێزیی نه‌یاران و كۆسپی گه‌وره به‌ڵام ئیراده‌ی به‌رده‌وامی و شۆڕش له ناخی مرۆڤی كوردستانیدا هه‌ر زیندووه. شۆڕشی گوڵان، ته‌حه‌داكردنی هه‌موو ئه‌و دیكتاتۆر و سته‌مكار و دوژمنانه بوو كه وایان مه‌زنده كردبوو، به نسكۆی شۆڕشی ئه‌یلوول ئیتر تا هه‌تایه كۆتایی به شۆڕش و به‌رخودانی گه‌لی كوردستان دێت. به‌ڵام شۆڕشی گوڵان ئه‌و خه‌ونه‌ی ناحه‌زانی له گۆڕ نا و گه‌لی كوردستان له خه‌باتی خۆی به‌رده‌وام بوو و سه‌رشۆڕی و شكست بۆ دوژمنان مایه‌وه.
له‌و یاده پیرۆزه‌دا جه‌خت له‌وه ده‌كه‌مه‌وه كه به‌رژه‌وه‌ندیی كوردستان له‌سه‌رووی هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی تره و هیوادارم لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان بتوانن ناكۆكییه سیاسییه‌كانیان تێبپه‌ڕێنن و هه‌موویان به ڕۆحێكی نیشتیمانپه‌روه‌رانه و برایانه گرفته‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن.
له كۆتاییدا هه‌زاران سڵاو بۆ شه‌هیدانی شۆڕشی گوڵان و هه‌موو شه‌هیدانی كورد و كوردستان ده‌نێرم كه به خوێنی خۆیان مێژوویان بۆ گه‌له‌كه‌یان تۆمار كرد و هه‌ر هه‌موویان نموونه‌ی قاره‌مانێتی و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌نه‌دان و خۆنه‌چه‌ماندنن.
زۆر سوپاسی ئاماده‌بوونتان ده‌كه‌م
بمێنن له خێر و خۆشی‌دا
مسعود بارزانی
25ی ئایاری 2023
PM:05:26:25/05/2023
ئه‌م بابه‌ته 632
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت