حەلبوسی واده‌یه‌كی نوێی بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ر پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ی عێراق دیاری كرد

‌محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق

وێستگه‌نیوزـ

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، شەممەی داهاتووی وەک وادەی دەنگدان لەسەر پڕۆژه‌ یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی دیاریکرد.


درەنگانی شەوی رابردوو، محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقیەی راگەیاند، "بودجە لە کۆتاییەکانیدایە، کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ لیژنەی دارایی هەبوو و هەروەها هەوڵە بەردەوامەکانیان و پەیوەندیکردنیان بەرز دەنرخێنین".

ئاماژەی بەوەشکرد، "لیژنەکە ئامادەیە رۆژی پێنجشەممە بودجە رادەستی سه‌رۆكایه‌تی ئەنجومەنی نوێنەران بکات".

حەلبوسی دەشڵێت، "هەندێک تێبینی هەیە لە دانیشتنی پەرلەمان یەکلایی دەکرێتەوە، بۆ ئەوەی بە یاسادانانی رەشنوسەکە بەردەوام بێت".

حه‌لبووسی باسی له‌وه‌شكرد، یاساکە گرنگە و وەبەرهێنانێکی زۆری تێدایە، هەروەها  پڕۆژەی ستراتیژی کە رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر واقیعی خزمەتگوزاری بەرنامەی حکومەت دەبێت.

به‌ وته‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق، "لیژنەکە هەندێک بڕگەی زیاد کرد و هەندێکی دیکەی هەموارکردەوە بۆ ئەوەی خزمەت بە تێڕوانینی وڵات بە گشتی بكات، هەروەها بەشداریکردن لە بەهێزکردنی رۆڵی دامودەزگاکانی حکومەت لە ئەنجامدانی چاکسازی و حوکمڕانی لە هەندێک جومگەدا، لە رۆژی شەممەی داهاتووش دەنگ لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە دەدرێت".


AM:08:46:25/05/2023


ئه‌م بابه‌ته 1488 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت