بەلەمێکی کۆچبەران بە زیاتر لە 50 کۆچبەرەوە لە مەترسیدایە کە زۆرینەیان کوردن


وێستگەنیوز_

شێخ حسێن حەمە ساڵح، نوێنەری دەزگای لوتکە ڕایگەیاند: بەلەمێکی کۆچبەران  لە باشووری کریت لە دۆخێکی نالەباریدایە و نزیکەی 50 کەسی هەڵگرتووە.

هەر بە پێی زانیاریەکان سەرنشینانی ناو بەلەمەکە لە نەتەوەی تێکەڵاون و زۆربەیان خێزانی کوردن، وژمارەیەکی زۆریش منداڵی تێدایە.

بە پێی زانیاریەکانی دەزگای لوتکە، "کۆچبەرەکان خۆیان پەیوەندیان بە پاسەوانانی دورگەکەوە کردوە بۆ ڕزگار کردنیان."

بەلەمەکە لەلایەن بەلەمێکی ڕزگارکەری لامبرۆ هالماتیک 60ـەوە کە سەر بە پاسەوانی کەناراوەکانی هێلینیک بوو کە لە کریت جێگیر بوو ڕاکێشرا بەرەو وشکانی لە کەنارەکانی باشووری دوورگەکە، بەڵام نەیانتوانیوە بیهێننە کەنارەکە.

دەزگای لوتکە دەڵێت، بەلەمەکە لە دەریای ڕۆژهەڵاتی گوندی کالۆی لیمێنێس بەجێهێڵراوە، لە کاتێکدا کەشتییەکی پاسەوانی کەناراوەکانی هێلینیک لە دوورەوە چاودێری دەکات.

ئاماژە بەوەشدەکات، هیچ کام لە سەرنشینەکانی ناو بەلەمەکە لەسەر وشکانی نەبراونەتە شوێنێکی سەلامەت، هەروەها خواردن و ئاو و چاودێری پزیشکیشیان وەرنەگرتووە. تا ئێستاش نەزانراوە بۆچی پاسەوانی کەناراوەکان نەیانبردوونەتە بەندەرەکە و لە کەشتیەکەدا دانەگیراون و لە دوورەوە چاودێریان دەکرێت! 

جەختیش دەکرێتەوە لەوەی، خەڵکی ناو کەشتییەکە نیگەرانن لەوەی دووبارە بگەرێنرێنەوە بۆ تورکیا.


PM:04:54:27/03/2023


ئه‌م بابه‌ته 1016 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت