سیستەمی پارەدانی ئەلیکترۆنی لە هەموو بەنزیخانەکانی عێراقدا جێگیر دەکرێت

‌خانمێکی عێراقی بەشێوەی پارەدانی ئەلکترۆنی پارەی بەنزین دەدات

وێستگه‌نیوزـ

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، سیستەمی پارەدانی ئەلیکترۆنی لە چەند بەنزیخانەیەکی بەغدا تاقیکراوەتەوە و بەم زووانە لە تەواوی بەغدای پایتەخت و سەرجەم پارێزگاکانی دیکەی عێراق سیستەمی پارەدانی ئەلیکترۆنی دابین دەکرێت.


عاسم جیهاد، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، کۆمپانیای دابەشکاری بەرهەمی نەوتی بە هەماهەنگی لەگەڵ بانکی ناوەندی و کۆمپانیاکانی دابینکاری خزمەتگوزاری پارەدانی ئەلیکترۆنی ئەمڕۆ پرۆسەی پارەدانی ئەلیکترۆنیان لە بەغدای پایتەخت تاقیکردەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، بڕیارە لە مانگی ئایاری داهاتوودا خزمەتگوزاری پارەدانی ئەلیکترۆنی لە تەواوی بەنزیخانەکانی بەغدای پایتەخت و سەرجەم بەنزینخانەکانی پارێزگاکانی دیکەی عێراق دابینبکرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، گرنگە پشت بەم تاقیکردنەوە نوێگەرییە ببەسترێت لە پێناو پتەوکردن و پشتیوانیکردن لە ئابوری نیشتیمانی لە رێگەی زنجیرە بەرنامەیەکی خزمەتگوزاری پارەدانی ئەلیکترۆنی لە وێستەگەکانی سووتەمەنی.

باسی لەوەشکرد، ئەم خزمەگورزاییە دەبێتە ئاسانکاری بۆ هەریەکە لە هاوڵاتیان و بەنزینخانەکان لە کاتی کڕین و فرۆشتنی سووتەمەنی و ئاستی خزمەتگوزارییە پێشکەوتووەکانی هاوڵاتیان بەرزدەکاتەوە و سامانی گشتی دەپارێزێت و سیستەمی پارەدان لە کاشەوە دەگۆڕێت بۆ ئەلیکترۆنی.

سیستەمی پارەدانی ئەلیکترۆنی بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئاڕاستەی وەزارەتی نەوتی عێراقی کراوە و لە ماوەی رابردوو حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوت کۆمپانیاکانی دابەشکاری بەرهەمە نەوتییەکانی ئاگادارکردەوە بۆ پەلەکردن لە جێبەجێکردنی سیستەمی پارەدانی ئەلکترۆنی لە بەنزینخانەکان


PM:01:54:23/03/2023
















ئه‌م بابه‌ته 1516 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت