حكومه‌تی هه‌رێم بڕیاری دا گۆڕانكاری له شێوازی وه‌رگرتنی باجی ئۆتۆمبێلی بارهه‌ڵگر بكرێت
وێستگه نیوز-
فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند كه گۆڕانكاری له شێوازی وه‌رگرتنی باجی ئۆتۆمبێلی بارهه‌ڵگر ده‌كرێت.
فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری له راگه‌یه‌ندراوێكدا كه وێنه‌یه‌كی بۆ وێستگه‌نیوز نێردراوه، رایگه‌یاند كه "له پێناوی كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕۆتین و ئاسانكاری ئیشوكاری هاووڵاتیان و وه‌كو به‌شێك له به‌رنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌ش له نێوان به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی باجه‌كان و خانوبه‌ره‌ی میری و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی هاتوچۆ به‌ڕێوه‌چوو".
فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری ده‌ڵێت: "ئامانج له كۆبوونه‌وه‌كه كاركردنی پێكه‌وه‌یی بوو له نێوان هه‌ردوو وه‌زاره‌ت به‌مه‌به‌ستی كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕۆتینی وه‌رگرتنی باجی ئۆتۆمبێلی بارهه‌ڵگر كه ئێستا له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی باج وه‌رده‌گیرێت و قه‌ره‌باڵغی و كاتێكی زۆری پێویسته".
ئاماژه‌شی به‌وه‌دا كه "له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوولا رێكه‌وتن له‌سه‌ر گواستنه‌وه‌ی ئه‌و پرۆسه‌یه بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی هاتووچۆی شار و ئیداره سه‌ربه‌خۆكان تا له كاتی نوێكردنه‌وه‌ی ساڵیانه یان گۆڕینی خاوه‌ندارێتیی ئه‌و پرۆسه‌یه به خێرایی و بێ سه‌ردانیكردنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی باج جێبه‌جێ بكرێت و ئه‌و كاره‌ش له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا ده‌كه‌وێته بواری جێبه‌جێ كردن".
فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری راشیگه‌یاندووه كه "به جێبه‌جێكردنی ئه‌م هه‌نگاوه، خاوه‌نی ئۆتۆمبێلی بارهه‌ڵگر بۆ گۆڕینی خاوه‌ندارێتی یان نوێكردنه‌وه‌ی ساڵیانه پێویستی به سه‌ردانیكردنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی باج نابێت، به‌ڵكو هه‌ر له‌ناو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتووچۆ كاره‌كانی ڕایی ده‌كرێن".
PM:06:45:19/03/2023
ئه‌م بابه‌ته 15260
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت