پەیامێك له‌ بارزانییه‌وه‌ لەبارەی بڕیاره‌كه‌ی ئه‌مڕۆی دادگای فیدراڵیی عێراق


وێستگه‌ نیوزـ

سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی بڕیاری دادگای فیدراڵیی عێراق كه‌ ناردنی 400 ملیاره‌كه‌ی بۆ هه‌رێم به‌ نادروست له‌قه‌ڵه‌مدابوو، په‌یامێكی بڵاوکردەوە و رایگەیاند كه‌ دادگاكه‌ "هەڵوێستێکی دیکەی دووژمنکارانەی بەرامبەر هەرێمی کوردستان نیشان دا و رێگریی لەوە کرد ئەو بڕە پارەیە بۆ هەرێمی کوردستان بێت".

مه‌سعود بازرانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان په‌یامێكی بۆ رای گشتی عێراق و كوردستان بڵاوكرده‌وه‌و رایگه‌یاند: لێرەدا مەبەست بڕە پارە نیە بەڵكو، كێشە سەرەكییەكە پێشێلكردنی ماف و پڕەنسیبە. 

" دیارە دادگای فیدڕاڵیی عێراق ئەجیندایەكی گوماناوی جێبەجێ دەكات و جێگەی دادگای شۆڕش (محكمة الثوره‌)ـی ڕژێمی پێشووی گرتووەتەوە." بارزانی ئه‌مه‌شی له‌ په‌یامه‌كه‌یدا وتوه‌.

په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكی پارتی له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ چوارشەممە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی سكاڵایەک لەسەر بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەسەر ناردنی پارە بۆ موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە کە لەلایەن پەرلەمانتار مستەفا سەنەد، پەرلەمانتاری سەربەخۆ و ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و محەمەد مەیاحی، پارێزگاری واستەوە تۆمار کرابوون.
 
ئەو دوو سکاڵاکارە، داوایان كردبوو بڕیارەکانی ژمارە هەشتی ساڵی 2022 و ژمارە (401، 257، 226، 194ـی ساڵی 2021)ـی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق هەڵبوەشێندرێنەوە کە پاڵپشت بوون بۆ ناردنی 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان.
 
داواکە ژمارە 170ی/فیدراڵیی/2022ی هەبوو و پێشتر سێ جار دواخرابوو، ئەمڕۆش جارێکی دیکە دادگای فیدراڵی لەسەری کۆبووەوەو بڕیاره‌كانی حكومه‌تی عێراقی له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌رێم هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ به‌ ناردنی 400 ملیاره‌كه‌شه‌وه‌.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
 
جێگەی داخە جارێكی تر دادگای فیدڕاڵیی عێراق هەڵوێستێكی تری دوژمنكارانەی بەرانبەر هەرێمی كوردستان نیشان دا و، ڕێگری لەوە كرد ئەو بڕە پارەیە بۆ هەرێم بێت كە بڕیار بوو لە لایەن حكومەتی فیدڕاڵەوە بۆ هەرێمی كوردستان بنێردرێت.
 
لێرەدا مەبەست بڕە پارە نیە بەڵكو، كێشە سەرەكییەكە پێشێلكردنی ماف و پڕەنسیبە. هەموو لایەك ئاگادارن كە بەشداریی ئێمە لە هاوپەیمانێتیی ئیدارەی دەوڵەت و پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق، لەسەر بنەمای بەرنامەیەكی ڕوون و تێروتەسەل بووە كە هەموو لایەنەكان ڕێككەوتنیان لەسەر كردووە. دابینكردنی بەشێك لە شایستە دارییەكانی هەرێمی كوردستانیش كە مافێكی ڕەوای خەڵكی كوردستانە، بەشێك بووە لەو بەرنامەیە و ڕێككەوتنی لەسەر كراوە. بۆیە بڕیارەكەی ئەمڕۆی دادگای فیدڕاڵ، بەر لەوەی دژی هەرێمی كوردستان بێت، دژی پڕۆسەی سیاسی و دژی حكومەتی عێراقی و دژی بەرنامەی خودی هاوپەیمانێتیی ئیدارەی دەوڵەتیشە.
 
جێگەی سەرسوڕمانە هەر كات كەشێكی ئیجابی لەنێوان هەرێم و بەغدا دروست بووبێت و دەرفەتێك بۆ چارەسەریی گرفتەكان هاتبێتە ئارا، دەستبەجێ دادگای فیدڕاڵی كاری بۆ تێكدانی ئەو دەرفەتە كردووە و بە بڕیارێكی دوژمنكارانە دەرفەتەكەی لەبار بردووە و بووەتە هۆی ئاڵۆزتربوونی كێشەكان. دیارە ئەجیندایەكی گوماناوی جێبەجێ دەكات و جێگەی دادگای شۆڕش (محكمه‌ الپوره‌)ـی ڕژێمی پێشووی گرتووەتەوە.
 
لێرەدا داوا لە حكومەتی عێراقی و لایەنە پێكهێنەرەكانی هاوپەیمانێتیی ئیدارەی دەوڵەت دەكەم هەڵوێستی خۆیان لەمەڕ ئەو پێشێلكاری و دژایەتیكردنە نیشان بدەن كە لەلایەن دادگای فیدڕاڵی لە دژی بەرژەوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێت.


PM:04:46:25/01/2023


ئه‌م بابه‌ته 2244 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت