"سەدر گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی ئێستا کاتێکی گونجاوە بگەڕێتەوە بۆ کاری سیاسی"


وێستگەنیوز_

بەپێی راپۆرتێک، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر بەمنزیکانە دەگەڕێتەوە بۆ کاری سیاسی و ھەوڵدەدات سوود لەو ناکۆکییە سیاسییە وەربگرێت کە لە نێوان سەرکردەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان دروستبووە.

تۆڕی هەواڵی The Arab Weekly لە راپۆرتێکدا ئاشکرایکردووە، موقتەدا سەدر گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی ئێستا کاتێکی گونجاوە بەشێوەیەکی راستەوخۆ بگەڕێتەوە بۆ کاری سیاسی و چەقی چالاکییەکانیشی "دژایەتی لایەنە سیاسییەکانی نزیک لە ئێران" دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، سەدر لە میانی پێشوازیکردنی لە یاریزانانی ھەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق ئاماژەی بە نزیکی گەڕانەوەی بۆ پرۆسەی سیاسی کردووە و ھێرشی کردووەتە سەر لایەنە سیاسییەکانی نزیک لە ئێران و وشەی کەنداوی عەرەبی بەکارھێناوە لەبری کەنداوی فارس.

هەروەها، داوای لە یاریزانەکان کردووە خۆیان فێری زمانی ئینگلیزی بکەن، لەبەرئەوەی زۆرێک لە سیاسییەکانی عێراق کە لە ئێران بوون عەرەبییەکەیان فارسی بەسەردا زاڵە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، سەدر ھەوڵی قۆستنەوەی ئەو پەرتەوازەییە دەدات کە لەنێو چوارچێوەی ھەماھەنگی دەرکەوتووە، لە دەرئەنجامی ناکۆکی نێوان نوری مالکی و قەیس خەزعەلی.

موقتەدا سەدر لە 29ـی ئابی ساڵی رابردوو دوای چەندین ھەوڵ بۆ پێکھێنانی  حکومەت لە پرۆسەی سیاسی کشایەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لایەنگرانی چوونە ناوچەی سەوز و رووبەرووی ھێزە ئەمنییەکانی عێراق بوونەوە و ماوەیەکیش چوونە ناو بینای پەرلەمانەوە.


AM:09:20:25/01/2023


ئه‌م بابه‌ته 1944 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو