فازڵ نه‌بی: جگە لە رێگرتن لە بەقاچاخ بردنە دەرەوەی دۆلار هیچ رێگە چارەیەکی تر نییە


وێستگه‌نیوزـ

بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، گەر حکومەتی عێراق جدی بێت لە لێپێچینەوەکردن لەگەڵ ئەو کەسانەی یاری بە بەهای دۆلارەوە دەکەن و دۆلار بە قاچاخ لە عێراقەوە دەبەنە ئێران، سەقامگیری بۆ بازاڕی دراو دەگەڕێتەوە.

فازڵ نەبی، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق، بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند: "گێڕانەوەی سەقامگیری بۆ بازاڕی دراو لە رێگەی دەستگیرکردنی خەڵکی هەژار و چاوپۆشین لە باندە گەورەکان نایەتە دی".

هەروەها وتیشی: "بانکی ناوەندی گەر لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ و دەزگای هەواڵگیرییەوە هاوکاری نەکرێت، ناتوانێت بەهای دۆلار سەقامگیر بکاتەوە، چونکە بارودۆخەکەو یاری کردن بە بەهای دۆلار لێپێچینەوەی ئەمنیشی دەوێ".

رۆژی شەممە 21ی كانوونی دووه‌می 2023، هێزە ئەمنییەکانی عێراق، ژمارەیەک لەو کەسانەیان دەستگیرکرد کە کاری گۆڕینەوەی دراو دەکەن و چەند نووسینگەیەکیشیان داخست، بە پاساوی یاریکردن بە بەهای دۆلار لە بازاڕەکانی عێراق دا.

فازڵ نەبی، دەڵێت: "دووجۆر بە قاچاخ بردنی دۆلار هەیە، جۆرێکیان بە قاچاخ بردنی دۆلارە بۆ ئێران کە ئەمریکای نیگەران کردووە، جۆری دووەمیان سپی کردنەوەی پارەیە کە بەرپرسە گەورەکان دەیکەن، ئەمەش ناسەقامگیری بەهای دۆلاری لێکەوتووەتەوە، ئەگینا عێراق خاوەنی پارەیەکی زۆری یەدەگە و دەبوو بەهای دراوی عێراقی زۆر بەرز بێت".

سەرباری بەڵێنە بەردەوامەکانی بانکی ناوەندی و بەرپرسانی عێراق بۆ گێڕانەوەی سەقامگیری بۆ بەهای دۆلار، بەڵام بەهای دۆلار لەبەرانبەر دیناری عێراقی نا جێگیرە و بەڵێنەکان سەقامگیرییان بۆ بەهای دۆلار نەگێڕاوەتەوە.

فازڵ نەبی، پێیوایە ئێران بۆ دەستخستنی دۆلار دەستبەرداری عێراق نابێت، له‌و باره‌وه‌ وتی: "گەر بە قاچاخ بردنی دۆلار کەم بکرێتەوە، کاریگەری لە سەر بازاڕی دراو دەبێت".

وتیشی: "گەر عێراق مەسەلەی بردنە دەرەوەی دۆلار کۆنتڕۆڵ نەکات، تووشی کێشەی گەورەی ئابووری دەبێت، بۆیە هیچ رێگەچارەیەکی تر لەبەردەم عێراق دا نییە، جگە لە راگرتنی بە قاچاخ بردنە دەرەوەی دۆلار".

کۆتایی ساڵی رابردوو، بانکی ناوەندی عێراق چوار بانکی لە پرۆسەی کڕینی دۆلار بە زیادکردنی ئاشکرا دوورخستەوە، بە بیانووی ئەوەی دۆلار دەبەنە دەرەوەی عێراق.

فازڵ نەبی، لە بارەی دوورخستنەوەی ئەو بانکانە و کاریگەرییان لەسەر گێڕانەوەی سەقامگیری بۆ بازاڕی دراو، دەڵێت: "ئەو بانکانە هەر لە سەرەتاوە بۆ ئەوە دامەزرێنران، تا دۆلار بکڕن و بیبەنە دەرەوە، بۆیە دوورخستنەوەی ئەو بانکانە بڕیارێکی گونجاو بوو، کاریگەری خۆشی دەبێت".



AM:09:42:22/01/2023


ئه‌م بابه‌ته 1260 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت