وتەبێژی ناوچەی یەکی پاسەوانی سنوور: دامەزراندن بۆ پاسەوانی سنوور تەنیا بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان دەبێت


وێستگەنیوز_

وتەبێژی ناوچەی 1ی پاسەوانی سنوور، کە پاسەوانی سنووری هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، رایدەگەیەنێت، بەهۆی بوونی هەندێک کێشە و لۆدێکی زۆر لەسەری، لە دوو رۆژی داهاتوودا لینکێکی نوێ بۆ دامەزراندن لە پاسەوانی سنوور تەرخاندەکرێت و دەشڵێت، "تەنیا لە ماوەی 24 کاتژمێردا و دوای بڵاوکردنەوەی لینکەکە، یەک ملیۆن کەس لینکەکەیان کردووەتەوە."
 
ئەمرۆ پێنجشەممە عەقید کاروان خۆشناو، وتەبێژی پاسەوانی سنوور - ناوچەی یەک، لەبارەی لینکی دامەزراندن لە پاسەوانی سنوور بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، "لە ماوەیەکی پێوانەییدا یەک ملیۆن کەس سەردانی لینکەکەیان کردووە، هێشتا دیار نییە ئەوانەی لینکەکەیان کردووەتەوە فۆرمەکەیان پڕکردووەتەوە."
 
سەبارەت بەو کێشانەی لە لینکەکەدا هەیە ئەوەی ئاشکراکرد، "لەگەڵ ئەوەی هەندێک کەس بە هەڵە فۆرمەکانیان پڕکردووەتەوە و تەواو زانیاریی وردیان لەسەر فۆرمەکە نییە و بە هەڵە زانیارییەکانیان نووسیوە، بەڵام بەگشتی بەهۆی بوونی لۆدێکی زۆرەوە هەندێک کێشەش لەو لینکەدا هەبووە، بۆیە لە دوو رۆژی داهاتوودا فۆرمێکی نوێ تەرخاندەکرێت و خەڵک دەتوانن لەو لینکەوە ناوی خۆیان تۆمار بکەن."
 
هەروەها ئەوەشی روونکردەوە، وەرگرتن تەنیا بۆ ئەو کەسانەیە کە خەڵکی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانن و وتی، "بەپێی لێدوانەکانی بەڕێز لیوا سەعد مەعن، بەڕێوەبەری فەرمانگەی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، دامەزراندن تەنیا خەڵکی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە."


PM:04:18:08/12/2022


ئه‌م بابه‌ته 6164 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت