کۆچ و کۆچبەرانی عێراق: لە کەمپی جەدعەی نەینەوا گەنجان دەستگیرکراون و ئەندامانى خێزان لە هۆل بەجێماون


وێستگەنیوز-تۆڕی رووداو

وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق لە راپۆرتێکدا ئاشکرای دەکات هێزە ئەمنییەکان لەنێو کەمپى جەدعە لە نەینەوا "پێچەوانە"ى پێوەرە مرۆییەکان، گەنجانیان دەستگیرکردووە و بەشێک لە ئەندامانى خێزانەکان لە کەمپى هۆل نەگەڕێندراونەتەوە و بوون بە دوو بەشەوە.

 
وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق لە کۆتایی مانگى تشرینى دووەمى رابردوو راپۆرتێکى داوەتە ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق، بۆ پێداچوونەوە بە پرۆسەى گەڕاندنەوەى خێزانە عێراقییەکانى داعش لە کەمپی هۆل.
 
لە راپۆرتەکەدا باس لە کێشەکانى نێو کەمپى جەدعە لە نەینەوا و پرۆسەى گەڕاندنەوەى ئەو ئاوارانە کراوە لە کەمپى هۆل لە رۆژئاواى کوردستانەوە بۆ ئەو کەمپەى عێراق.
 
رۆژی 4ى تشرینى دووەمى 2022، عەلى جیهانگیر، وتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق رایگەیاند: "بە بڕیارى ئیڤان فایەق، وەزیرى کۆچ و کۆچبەران پرۆسەى گەڕاندنەوەى خێزان و کەسوکارى چەکدارانى داعش لە کەمپى هۆلەوە بۆ کەمپى جەدعە لە شارى موسڵ راگیرا."
 
بە وتەی عەلی جیهانگیر، ئەو بڕیارە بۆ ئەوە بووە کە پێداچوونەوە بە شێوازى گەڕاندنەوەى ئەو خێزانانە بکرێت. 
   
خێزانەکانى داعش دابەشبوون
 
لە قۆناخى رابردوودا نوێنەرانى فەرماندەى ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و دەزگا ئەمنی و هەواڵگریییەکانی دیکەى عێراق دەچوونە کەمپى هۆل بۆ گەڕاندنەوەى ئەو خێزانە عێراقییانە کە ئەرکى سەرەکییان وردبینى ئەمنى و کۆکردنەوەى بەڵگەنامەکانى ئەو خێزانانە بوو، دواتریش پاسەوانییان دەکردن تاوەکو دەگەیشتنە ناو خاکى عێراق.
 
وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق تێبینى لەسەر ئەو هەنگاوانە هەبووە کە لە ماوەى رابردوودا بۆ گەڕاندنەوەى ئەو خێزانە عێراقییانە پەیڕەو کراون، لەوانە بەشدارینەکردنى نوێنەرانى ئەو وەزارەتە لە سەردانى مەیدانى لیژنە ئەمنییەکە بۆ کەمپى هۆل کە وەک لە پێشنیازەکەدا هاتووە، پێویستە ئەو وەزارەتە هەڵسەنگاندن بۆ دۆخى مرۆیی و پێویستییەکانى ئەو خێزانانە بکات، تاوەکو لەپلانەکانى خۆیدا جێگەیان بکاتەوە.
 
تێبینیەکى دیکەى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق ئەوە بووە کە هەندێک لە ئەندامانى خێزانەکان بە تەواوى نەگوزێراونەتەوە و بەشێکیان لە هۆل بەجێماون، کە بەگوێرەى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەران ئەوە کاریگەریى نەرێنى هەبووە لەسەر پلانەکانیان و دووبارە شیاندنەوەیان.
 
 
"خۆمان دەیانگوێزینەوە"
 
پێشنیازى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەران بۆ قۆناخى داهاتووى گەڕاندنەوەى خێزانەکانى داعش لە راپۆرتەکەدا بەو ئاراستەیەیە کە رۆڵى ئەو وەزارەتە بنەڕەتی بێت لەپاش ئەوەى زانیاریى وردى هەبێت لەبارەى ژمارەى ئەو خێزانانەى کە دەگوێزرێنەوە لەگەڵ وادەى گواستنەوەیان، رۆڵى فەرماندەیى ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانیش پاراستنى ئەو خێزانانە بێت لەکاتى گواستنەوەیاندا.
 
سەرچاوەیەکى بەرپرس لە وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق کە لەبەر هەستیارى پرسەکە نەویست ناوى بڵاوبکرێتەوە وتی: "ئێمە ئاگادارى ژمارەى ئەو خێزانانە نەدەبووین کە دەگەڕێندرانەوە عێراق، هەندێکجار ژمارەکەیان ئەوەندە زۆر بوو قەرەباڵخى لە کەمپى جەدعە دروست دەکرد، بەبێ گوێدانە ئەوەى چەند خێزان لەدواى شیاناندنەوە لێى دەرچوون و کەمپەکە ئامادەیە چەند خێزانى دیکە لەخۆ بگرێت، ئەو بێ سەروبەرییە کێشەى بۆ ئێمە دروست دەکرد."
 
بەگوێرەى ئامارێک کەمپەکە دوو بەشە، جەدعەى یەک تواناى لەخۆگرتنى 869 کەسى هەیە و بەشى دووەمى کە بە جەدعەى پێنج ناسراوە، دەتوانێت سێ هەزار کەس لە خۆ بگرێت، کە بە تێکڕا تواناى لەخۆگرتنى 3869  کەسی هەیە.
 
لە بەشێکى دیکەى پێشنیازەکانى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەراندا هاتووە کە خەرجى گواستنەوەى خێزانەکان و بارهەڵگڕ بۆ گواستنەوەى کەلوپەلەکانیان لەسەرشانى ئەو وەزارەتە بێت.
 
تاوەکو ئێستا بە حەوت کاروان 920 خێزانى عێراقى لە کەمپى هۆل گەڕێنراونەتەوە، کە 3749 کەس بوون. 
 
"شڵەژان" دروستبووە
 
وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق ئاشکرایکردووە، ئاگادارى ئەوە نەبوون لە هەر کاروانێکدا چەند خێزان لەلایەن فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانەوە دەگوێزرێنەوە بۆ کەمپى جەدعە، ئەوەش شڵەژانى لە پرۆسەى شیاندنەوە و تێکەڵکردنەوەى خێزانەکان دروستکردووە، ئەوە جگە لەوەى کە نەیانزانیوە چەند پاسیان بۆ دابین بکەن و کەى ئەو خێزانانە دەگوێزرێنەوە ناوەندى شیاندنەوەى کەمپى جەدعە و کەی لەوێ دەردەچن.
 
وەزارەتەکە پێشنیاز دەکات پرۆسەى گواستنەوەى خێزانەکانى داعش راستەوخۆ لە ژێر سەرپەرشتى ئەو وەزارەتەدا بێت و بۆ هەر پاسێکى گوێزەرەوەى خێزانەکان فەرمانبەرێکى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەران یاوەرى بکات بۆ ئەوەى زانیارى پێویستیان پێ بدەن.
 
بەگوێرەى ئامارى نێو راپۆرتەکە بە پشتبەستن بە بەڵگەنامەکان کە لە کەمپى هۆل بەدەستیان گەیشتووە، نزیکەى 27 هەزار هاوڵاتى عێراقى کە کەسوکارى چەکدارانى داعشن لە کەمپەکە ماون.
 
"جەدعە بدەنە دەست ئێمە"
 
بەشێکى دیکەى پێشنیازەکان تایبەتن بە شیاندنەوەى خێزانەکانى داعش لە کەمپى جەدعە لە دواى گەڕاندنەوەیان لەگەڵ بەرپرسیارێتى ئیدارەدانى ئەو کەمپە.
 
وەزارەتى کۆچ و کۆچبەران پێشنیازى کردووە لە دواى گەڕاندنەوەى خێزانەکان بەسەر خێوەتگەى جیاوازدا دابەش بکرێن و سەرجەم بەڵگەنامەکانیان و زانیارییەکان لەبارەى ئەو خێزانانەوە تۆمار بکرێن و سەرجەم بەرنامەکان لە ناوەندى شیاندنەوە لەلایەن ناوەندى تایبەت بەو پرۆسەیە لە کەمپەکە بەڕێوە بچێت، بە هاوکاریی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان.
 
هەروەها پێشنیاز کراوە کە هەماهەنگى تەواو بکرێت لەگەڵ بەڕێوەبەرانى ناوەندەکە لەوەى پەیوەندیدارە بە چوونە ناوەوەى دامەزراوەکانى حکومەت و رێکخراوە بیانییەکان بۆ ناو کەمپەکە.
 
گەنجانی جەدعە دەستگیرکراون
 
یەکێک لە تێبنییەکانى دیکەى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق رۆڵى هێزە ئەمنییەکان بووە لە کەمپى جەدعە. بەگوێرەى راپۆرتەکە بەشێک لە کارمەندانى هێزە ئەمنییەکان لەنێو کەمپەکەن، ئەوەشى بەپێچەوانەى پێوەرە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان و بەڕێوەبردنى کەمپەکان لێکداوەتەوە، کە بەهۆیەوە بەشێک لە رێکخراوەکان دەستبەردارى کارکردن بوون لە کەمپەکە.
 
وەزارەتى کۆچ و کۆچبەران ئاشکرایکردووە کە هێزە ئەمنییەکان بەشێوەیەکى راستەوخۆ چەند گەنجێکیان لەو نێو کەمپەکە دەستگیرکردووە، لەگەڵ ئەوەى پێویست بوو ئەو پرۆسەیە بە هاوکارى ناوەندى کەمپی جەدعە بێت، ئەگەر لەلایەن دادوەرەوە فەرمانى دەستگیرکردنیان هەبێت.
 
ئەو وەزارەتە پێشنیازى کردووە بوونى سەرجەم هێزە ئەمنییەکان لەدەرەوەى ناوەندى شیاندنەوەى دەروونى و کۆمەڵگەیی کەمپى جەدعە بێت تەنیا لەبارى پێویستدا نەبێت. هەروەها دەبێت پرۆسەى پاراستنى ناوەندەکە لەلایەن فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانى نەینەوا و پۆلیس و یەکەى فریاکەوتنى پارێزگاکەوە بێت.
 
گەڕانەوەیان کێشەى تێدایە
 
وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق ئاماژەى بەوە داوە، کە پرۆسەى گەڕاندنەوەى خێزانەکانى داعش بۆ زێدى خۆیان لەدواى شیاندنەوەیان کێشەى تێدابووە، لایەنى دیکە کە پەیوەندار نەبوون بە پرۆسەکەوە لەبرى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەران ئەو کارەیان کردووە و کارى وەزارەت و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەو بارەیەوە تێکەڵکراون.
 
وەزارەتى کۆچ و کۆچبەران پێشنیازى کردووە لقەکانى ئەو وەزارەتە لەو پارێزگایانە ئاگادار بکرێنەوە کە خێزانەکانیان بۆ دەگەڕێندرێنەوە، بۆ ئەوەى هاوئاهەنگى بکەن لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان و رێکخراوەکان کە لەو پارێزگایانە کاردەکەن، بۆ رەخساندنى کەشی ئارام بۆ گەڕاندنەوەیان و وەرگرتنى هاوکاییەکان و هەر ئەو وەزارەتەش ناوى ئەو کەسانە بداتە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانى نەینەوا کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە ناوچەکانیان.   
 
نیوەى خێزانەکان گەڕاونەتەوە زێدى خۆیان
 
بەگوێرەى ئامارێکى فەرمیى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق تائێستا حەوت کاروان لە خێزانەکانى داعش لە کەمپی هۆل گەڕێندراونەتەوە کەمپى جەدعە کە 920 خێزانن و لە 3749 کەس پێکهاتوون.
 
لەو ژمارەیە 554 خێزانیان لە دواى شیاندنەوەیان گەڕاونەتەوە زێدى خۆیان، کە ژمارەى ئەندامانى ئەو خێزانانە 2161 کەس بوون، ئەوە لەکاتێکدایە ئێستا 369 خێزان لە کەمپى جەدعە ماون کە ژمارەى ئەندامەکانیان 1592 کەسن.
 
دابەشبوونى گەڕانەوەى خێزانەکان بەگوێرەى حەوت کاروانەکە بەمشێوەیە بوون، کاروانى یەکەم: 95 خێزان؛ کاروانى دووەم: 117 خێزان؛ کاروانى سێیەم: 129 خێزان: کاروانى چوارەم: 113 خێزان؛ کاروانى  پێنجەم: 152 خێزان؛ کاروانى شەشەم: 156 خێزان؛ کاروانى حەوتەم: 158 خێزان.
 
ژمارەى ئەو خێزانانەى کە کەمپەکەیان چۆڵکردووە 554 خێزانن کە ژمارەى ئەندامەکانیان 2161 کەسن بوون.
 
پارێزگاى ئەنبار زۆرترین خێزانى بۆ گەڕاوەتەوە کە 331 خێزانن، بەدوایدا نەینەوا دێت کە 109 خێزانن و پارێزگاى سەلاحەدین لە پلەى سێیەم دێت بە 100 خێزان، ژمارەکەى دیکە بەم شێوەیە دابەش بوون، بەغدا هەشت خێزان، کەرکووک دوو خێزان، دیالە سێ خێزان و بابل یەک خێزان.
 
ئێستا 369 خێزان لە کەمپى جەدعە ماون، کە 1592 ئەندامن، 157 خێزانیان خەڵکى نەینەوان کە زۆرترینە و لەپلەى یەکەمدایە، بەدواییدا پارێزگاى سەلاحەدین دێت بە 109 خێزان و ئەنبار لە پلەى سێیەمدایە بە 88 خێزان، ژمارەى خێزانەکانى دیکە بەمشێوەیە دابەشبوون، بەغدا شەش خێزان، کەرکووک دوو خێزان، دیالە شەش خێزان و بابل یەک خێزان.
 
لەو کەسانەى کە لە کەمپەکە ماون 715یان لە رەگەزى نێرن و 877یان لە رەگەزى مێن، 1010 کەسی نێو کەمپەکە تەمەنیان لە 18 ساڵ کەمترە.
 
بەگوێرەى ئەو ئامارەى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەران 10 کەس لەنێو کەمپى جەدعە گیانیان لەدەستداوە.


AM:10:55:02/12/2022


ئه‌م بابه‌ته 1104 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو