بافڵ تاڵەبانی: خەڵك دەنێرین بۆ كۆبوونەوەكانی حكومەت بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی هیچ بڕیارێكی شێتانە دەرناچێت


وێستگەنیوز_

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاندووە: حكومەتی ئێستای هەرێمی كوردستان زۆر بە سیاسی كراوە، ئەم حكومەتە بەتەواوی جیاوازە لە حكومەتەكانی تر، ئەمەش كاریگەری باشی نابێت. 

بافڵ تاڵەبانی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ڕاپۆرتی نەوتی عێراق - IRAQ OIL REPORT لە بەغدا، باسی هەندێک پرسی گرنگی کردووە و دەڵێت، "دوێنێ بە رێكەوت لەگەڵ یەكێك لە وەزیرەكانم لە هەولێر دانیشتبووم، وتی: (ئەوكاتەی بەڕێوەبەری گشتی بووم چاوم لەوە بوو ببم بە وەزیرە، لەم كابینەیەدا بووم بە وەزیر، بەڵام خۆزگە خۆم توش نەدەكرد)، هەموو ئەمانە بەهۆی بە سیاسیكردنی پرۆسەكەو بە مەركەزیكردنی هەموو شتەكانەوەیە."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "جیاوازییەكی گەورە هەیە لەنێوان ئەوەی لە هەولێر روودەدات‌ و ئەوەی لە سلێمانی روودەدات. چەندین پرۆژە لە سلێمانی راوەستاون، بودجەی شارەکە و دەرمانی نەخۆشخانەكان، دەرماڵەی خوێندكاران‌، ماف‌ و مووچەی پێشمەرگە، و خزمەتگوزارییەکان بڕدراوە.  ئەگەر بگەڕێیتەوە بۆ سەردەمی گەشەكردنی كوردستان دەبینێت، رێك بە پێچەوانەوە ئەوكاتە سیستەمی لامەركەزیی هەبووە و هەر پارێزگایەك لە پرۆژەكاندا ركابەرێتی لەگەڵ پارێزگاكەی تردا كردووە."

بافڵ تاڵەبانی دەڵێت، پۆستمان هەیە لەم كابینەیەدا هێشتا پڕمان نەكردوەتەوە، ئەمە لەكاتێكدایە دەبوو لەسەرەتای كابینەكەدا پڕبكرێنەوە، پێموایە ئەمە بۆ بزووتنەوەی گۆڕانیش هەروایە. 

سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەشڵێت، پێدەچێت دیوارێك لەنێوان "ئێمە و مەسرور بارزانی سەرۆك  وەزیراندا" هەبێت، چونكە كاتێك دەتەوێت بەڕێوەبەرێكی گشتی بگۆڕیت، ناتوانیت.. دەتەوێت بریكاری وەزیر بگۆڕیت، ناتوانیت.. وەزیرێك دەیەوێت دەستلەكاربكێشێتەوە، دەڵێن نەخێر.

بریكاری وەزیر هەیە كە كەیسی گەندەڵی لەسەرە‌و ئەم كەیسەش من نەمجوڵاندووە بەڵكو حكومەتەكەی مەسرور بارزانی كردویەتی، ئێستا كە دەركەوتووە تاوانبارە، ئێمە دەمانەوێت لایبەرین، بەڵام ئەوان نایگۆڕن، ئەمەش جۆرێكە لە فشار. بافڵ تاڵەبانی وای وتووە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، قوباد تاڵەبانی ناچێتەوە بۆ كۆبونەوەكانی حكومەت‌. ئەوە بڕیاری خۆیەتی‌ و منیش پشتیوانی لێ دەكەم، بەڵام خەڵكمان ناردووە بۆ ناو كۆبوونەوەكانی حكومەت، ئەمە بۆ چاودێریكردن‌ و دڵنیابوون لەوەی كە هیچ بڕیارێكی شێتانە دەرناچێت. 

هەروەها جەختیشی کردووەتەوە لەوەی، "كاك قوباد بڕیار دەدات كێن ئەو كەسانەی كە هەفتانە بەشداری لە كۆبونەوەكانی حكومەت دەكەن لەناو تیمی یەكێتیدا، كاك قوباد ناچێتەوە بۆ كۆبونەوەكانی حكومەت تا ئەو كێشانە چارەسەر دەكرێن."

سەبارەت بە دۆخی ئەمنی هەولێر، بافڵ تاڵەبانی دەڵێت: یەكێتی لە رەوشی ئەمنی هەولێر نیگەرانە، هێز تا نزیكەی 200 مەتر لە ماڵی براكەم نزیككراوەتەوە.

جەختیش دەکاتەوە لەوەی کە ئەوان وەک یەکێتی دەیانەوێت بریارە ستراتیژییەکانی بواری وزە بەهاوبەشی دەربکرێت و نەک لایەنێک، لایەنەکانی دیکە لە پرۆسەکەدا سڕ بکات.

بافڵ تاڵەبانی وتیشی: "لەوە تێناگەم بۆ ئامادەنین لەگەڵ بەغدا کاربکەن، هەماهەنگی کردن لەگەڵ بەغدا زۆر کاریگەر دەبێت. بۆ نموونە "بەسرە هەزار جار دەوڵەمەندترە لە هەموو کوردستان. ئەگەر سەرۆک وەزیران هاتە لام و وتی بەرژەوەندییەکانت بخەرە سەر ئەم مێزە، تۆش دەتوانیت بەشێک بیت لەو بەرژەوەندییانەی سەر ئەم مێزە زەبەلاحە لە ناویشیاندا بەسرە'. ئەمە بەلای منەوە باشترین رێککەوتنە."


PM:07:05:01/12/2022


ئه‌م بابه‌ته 6072 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت