وەزارەتی نەوتی عێراق: داهاتی نەوت لە مانگی رابردوودا یەک ملیار دۆلار کەمیکردووە


وێستگەنیوز_

داهاتی نەوتی عێراق لە مانگی رابردوودا بەراورد بە مانگی تشرینی یەکەم، یەک ملیار دۆلار کەمیکردووە، هۆکارەکەیشی بۆ کەمیی هەناردە و دابەزینی نرخی نەوت دەگەڕێتەوە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 1ـی 12ـی 2022، وەزارەتی نەوتی عێراق، لە راگەیەندراوێکدا سەبارەت بە بڕی نەوتی خاوی هەناردەکراوی مانگی رابردوو (تشرینی دووەم) رایگەیاند، "بەپێی ئاماری کۆمپانیای فرۆشتنی نەوتی خاوی عێراق - سۆمۆ، بڕی نەوتی خاوی هەناردەکراو لە مانگی تشرینی دووەمی رابردوودا گەیشتووەتە 99 ملیۆن و 867 هەزار و 946 بەرمیل نەوت. داهاتی ئەو نەوتەش 8 ملیار و 231 ملیۆن دۆلارە."
 
بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی نەوتی عێراق، "تێکڕای نەوتی خاوی هەناردەکراو لە کێڵگەکانی نێاوەڕاست و باشووری عێراق لە مانگی رابردوودا 97 ملیۆن و 204 هەزار و 696 بەرمیل بووە. هاوکات هەناردەی نەوتی خاو لە کێڵگەکانی کەرکووکەوە بۆ بەندەری جەیهان لە تورکیا گەیشتووەتە دوو ملیۆن و 363 هەزار و 20 بەرمیل."
 
بەپێی ئامارەکەی وەزارەتی نەوت، بە تێکڕا رۆژانە سێ ملیۆن و 329 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەکراوە و هەر بەرمیلێکی ئەو نەوتەش بە (82.416) دۆلار فرۆشراوە.
 
هۆکارەکانی کەمبوونەوەی داهاتی عێراق دوو هۆکارن؛ یەکێکیان ئەوەیە لە مانگی تشرینی یەکەمدا 104.8 ملیۆن بەرمیلی هەناردە کردووە و هەر بەرمیلێک نەوتیشی بە 88.5 دۆلار فرۆشتووە، بەڵام لە مانگی تشرینی دووەمدا، پێنج ملیۆن بەرمیل نەوتی کەمتر فرۆشراوە و نرخی هەر بەرمیلێکیش شەش دۆلار کەمتر بووە. 
 
لە کۆتاییەکانی مانگی تشرینی دووەمیش، وەزارەتی نەوتی عێراق ئامارەکانی هەناردەکردنی نەوتی خاوی لە مانگی تشرینی یەکەم بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کردبوو، "بەپێی ئاماری کۆمپانیای فرۆشتنی نەوتی خاوی عێراق - سۆمۆ، بڕی نەوتی خاوی هەناردەکراو لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوودا گەیشتووەتە 104 ملیۆن و 831 هەزار و 120 بەرمیل نەوت؛ داهاتی ئەو نەوتەش گەیشتە نۆ ملیار و 281 ملیۆن و 647 دۆلار."
 
لە ناوەراستی ئەمساڵدا وەزارەتی نەوتی عیراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا وتی، "داهاتی نەوتی ساڵی 2022 ژمارەی پێوانەیی شکاندووە و بە بەراورد بە 50 ساڵی رابردوو، زۆرترین رێژەی فرۆشی هەبووە."


PM:04:08:01/12/2022


ئه‌م بابه‌ته 1332 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت