ئێران یەک ملیار و 600 ملیۆن یۆرۆی لە پاشەکەوتی غازی عێراق وەرگرتووە


وێستگه‌نیوزـ

لە چوارچێوەی وەرگرتنەوەی قەرزەکانیدا لە عێراق، وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاند، ساڵی رابردوو نزیکەی یەک ملیار یۆرۆیان دەستکەوتووە و ئەمساڵیش یەک ملیار و 600 ملیۆن یۆرۆیان لە پاشەکەوتەکانیان وەرگرتووە.


بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی میهری ئێرانی، جەواد ئەوجی وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاندووە، حکومەتی ئێران هەموو تواناکانی لە بواری وزە لەگەڵ زۆرێک لە وڵاتان و لەناویاندا ئەمریکای باشور بۆ فرۆشتنی نەوت کەڵک وەردەگرێت و رێکاری باشیش لەمڕووەوە گیراوەتەبەر.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ساڵی رابردوو و ئەمساڵیشدا توانیویانە بگەنە هەموو پاشەکەوتەکانی پەیوەست بە هەناردەکردنی غاز بۆ عێراق و ساڵی رابردوو نزیکەی یەک ملیار یۆرۆیان دەستخستووە و ئەمساڵیش نزیکەی 1.6 ملیار یۆرۆیان لە پاشەکەوتی غازی عێراق وەرگرتووە.

وتیشی: "لە ئەمساڵدا ناردنی غاز بۆ عێراق بەرێژەی ملیار و نیوێک مەتر چوارگۆشە بەراورد بە ساڵی رابردوو زیادی کردووە".


AM:09:42:01/12/2022


ئه‌م بابه‌ته 544 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت