ئێران: پێویستە پەیوەندییە ئابوورییەکانمان لەگەڵ عێراق زیاد بکەین


وێستگەنیوز-

سەرۆکی ئەنجومەنی شورای ئیسلامی رایگەیاند، ئێران و عێراق دوو وڵاتی گرنگی ناوچەکەن و کاری پێکەوەیی ئەو دوو وڵاتە دەبێتە هۆی ئاسایشی هەرێمی و بەرەوپێشبردنی ئابووری.

محەمەد باقر سەرۆکی ئەنجومەنی شورای ئیسلامی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێڕاق کۆبوویەوە و لەبارەی پەیوەندییەکانی ئێران و عێراقەوە گفتووگۆیان کرد.

بەپێی میدیا ئێرانییەکان محەمەد باقر سەرۆکی ئەنجومەنی شورای ئیسلامی بە سەرۆکوەزیرانی عێراقی راگەیاندووە، کاری پێکەوەیی نێوان عێراق و ئێران دەبێتە هۆی ئارامی ئەمنی هەرێمی و بەرەوپێشچوونی ئابووری هەردوو وڵات.

ئاماژەی بەوەشداوە، ئێران و عێراق دوو وڵاتی دراوسێن و پەیوەندی بەهێزی ئاینی و کۆمەڵایەتییان لە نێواندا هەیە. وتیشی، "وڵاتانی دیکە ئاشتیان لە نێوان ئێران و عێراقدا ناوێت."

باسی لەوەشکردووە، پێویستە ئێران و عێراق پەیوەندییە ئابورییەکانی وەک هەناردەکردنی شتومەک و بەهیزکردنی ژێرخانی ئابووری و نەوت لەگەڵ یەکدیدا بەهێزتر بکەن.

هاوکات سوپاسگوزاری ئێرانی بۆ عێراق دەربڕی کە رێگە نادات لەرێگەی خاکەکەیەوە هێرشی چەکداری بکرێتە سەر ئێران.

ئەمەش دوای ئەوەدێت، دوێنێ محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق سەردانی ئێرانی کرد و لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی سەرۆکی ئەو ولاتە کۆبوویەوە.

لە دوای کۆبوونەوەکەیان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا سودانی رایگەیاند، لیژنەیەکی ئابوری هاوبەش لە نێوان عێراق و ئێران پێکدەهێنن و دەشڵێت، "لە داهاتوودا نەوتی خاو دەنێرینە ئێران بۆ پاڵاوتن."

سودانی ئەوەشی خستەڕوو، بەردەوامی بە کاری هەماهەنگی لەگەڵ تاراندا دەدەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی کردەی چەکداری و ماددەی هۆشبەر.


PM:04:27:30/11/2022


ئه‌م بابه‌ته 968 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو